كاریتـــــــــــــــــە و شەقـــــــــــــــــرە

كاریتـــــــــــــــــە و شەقـــــــــــــــــرە
كوردەواری كۆن، بە جوانترین شێوازەوە كاری ئەندازیارییان بەكارهێناوە، تەنانەت بیرۆكە كۆنەكان سەرەتایەك بوون بۆ ئەزموونی ئێستا، وەك ئەوەی بیرۆكەیەكی بەسوود و بە ئامانج بێ، یەكێك لەوانە كاریتە و شەقرەیە، كاریتە بەكاردێ بە مەبەستی وەستان و راگرتنی سەرەوەی خانوو لە ژوورەوە، واتە لە سەربانی ژوور یان هەر شوێنێك كە سەرەوەی شوێنێك بگیرێ، كاریتە لە دار دروست دەكرێ، ئەو جۆرە دارە داری بەهێز و پتەوە، زیاتر لە داری ئەسپیندار دروست دەكرێ، چونكە دارێكی بەرز و باریكە، ئەو جۆرە دارە زیاتر لە ناوچەی شەقڵاوە هەیە، شەقرەش بریتییە لە داری بچووك، كە ناكرێ سەرەوەی ژوور بەكاربهێنین، چونكە لاوازترە و بچووكترە، هەر یەكە لەو دووانە لە ژیانی كوردەواری بەكارهێنراوە، كاریتە بە ئاسۆیی دادەنرێ، دوای دروست كردنی دیواری ژوورەكە، دواتر كاریتەكان رایەڵ دەكرێ دەبەسترێ، كە هەردوو كۆتایی كاریتەكان بە قوڕ لە دیوارەكە دەبەسترێ لە زۆربەی كاری قوڕگرتنەوە، (كا) بەكاردەهێنرێ بۆ زیاتر بەهێز و توند كردنی قوڕەكەیە، هەروەها عەسیر دادەنرێ و دواتر قوڕە پەست دەكرێ، ئەوەش مانای ئەوەیە كە قوڕ لە سەرتاپای سەرەوەكە دادەنرێ، لە سەردەمی ئێستادا ماددەی نایلۆن بەكاردەهێنن و ئەمەش وەك كەرەستەیەكی رێگەگر لە ئاو و باران یان هەر شلەیەكی دیكەوە، سەبارەت بە شەقرە، كە ئەویش دارێكی باریكترە لە كاریتەوە، لە كاری دروست كردنی عارەبانە و هەڵدانی رەشماڵ هەروەها بۆ دروست كردنی (لەودەی كا)، كە بۆ هەڵگرتنی كا بەكاردەهێنرێ. هەروەها كاریتە و شەقرە وەك ستوونێك دادەنرێ بۆ وەستانی سەرەوەی شوێنێك یان هەیوانی یان كە بە (بنقەمتەرە) ناسراوە و بەمەش سەرەوەی شوێنەكە توند و ناكەوێ بەهۆی ئەو كاریتانەوە.
Top