مـــــــــنارەی چۆلـــــــــی!

مـــــــــنارەی چۆلـــــــــی!
كوردستان پڕە لەشوێنەواری كۆن و بەنرخ و بەمێژوویەكی دەوڵەمەندەوە ناسراوە، كوردستان وەك ناوچەیەكی چیایی و ناكۆكی لەسەر بەدرێژایی مێژوو، چەندین قەڵا و منارە و ئەشكەوت و شوێنی سەربازی و جێگەی ژیانی لێ دروست كراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەرخەكانی پێشوو، یەكێك لەو كارە جوان و ئەندازەیە سەیرەی تا ئەمڕۆش ماوە، بریتیە لە(منارەی چۆلی) لەشاری هەولێر، كە بەیەكێك لەشوێنەوارە دێرین و كۆنەكانی شاری هەولێر دادەنرێ و دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئەو شارە، مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (ئەبی سەعیدی كوكبری) ئەویش كە لەسەردەمی خۆیدا ناسراو بوو بەشای مەزن (موزەفەردەین)، منارەی چۆلی بەشێوەیەكی ئەندازەیی و سەیر دروست كراوە، كەرەستەكانی ئەو منارەیە زیاتر لەگەچ و كەرپووچە، لەنێوان ساڵانی (1190-1222)ی زاینی، كە ئەمەش مێژوویەكی زۆرە و تا ئێستاش ماوەتەوە، منارەی چۆلی شێوەی هەندێك لارە و بەلای چەپەوە لار بۆتەوە، ئەمەش دوای پشكنین بۆیان دەركەوت كە هیج زیانێكی نابێ. لەسەردەمی ئەتابەكییەكان دروست كراوە، ئەو منارەیە لەدوو بەشی سەرەكی پێكدێ: یەكەمیان بنكەكەیەتی كە (15) مەتر بەرزە و بەشی دووەمیش لوویەكەیە ئەویش (22) مەتر دەبێ، بەهەردووكیانەوە درێژی منارەكە دەردەخەن كە دەگاتە (37)مەتر لەسەر ئاستی زەوی و نزیكەی (145) سانتیمەتر پانییەكەیەتی و پێشتر ئەو منارەیە لەناو مزگەوتێكدا بووە، بەڵام ئێستا مزگەوتەكە نەماوە و تەنانەت هەندێگ گۆڕیش هەبووە، بەڵام بەهۆی كۆن بوونیان شوێنەواریان دیار نەماوە. بنكەكەی لەخوارەوە بە(7) لایەنەوە دەردەكەوێ، كەچی لەسەرەوە بە(8) لایەن دیارە، هەروەها بنەماكەی هەشت گۆشەیە دوو دەرگای هەیە هەر یەكێكیان بۆ پەیژێك دەچێ و لەژوورەوەش پەیژ هەیە لەخوارەوە بۆ سەرەوە.
Top