ئاگــــــــــــردان !

ئاگــــــــــــردان !
كوردەواری و ژیانی لادێ و كۆن، بیرۆكە و كاری جوانیان هەبوو، گشت لایەنێكی ژیانیان دابین دەكرد لەڕێگەی بیركردنەوە لەهەندێ هەنگاو كە بەشێوەیەكی دروست و شیاوەوە كاریان لەسەر دەكرد، یەكێك لەو بیرۆكە جوان و بەسوودانە، ئاگردانە، كە بریتییە لەسوود وەرگرتن لەدار بۆ وەرگرتنی وزە و گەرمایی، ئاگردان بریتییە لەشوێنێكی بچووك كە بۆمەبەستی سووتەمەنی بەكارهێنراوە و تائێستاش لەگوند و لادێكان بەكاردەهێنرێت، ئەمەش بەسووتاندنی كۆڵەكەی دار یان ئەو دارانەی لەشاخەكان دەیانبڕنەوە و دوای وشككردنەوە وەك سەرچاوەیەكی وزە و سووتەمەنی بەكاری دەهێنن، ئاگردان لەچەندین بواردا سوودی لێ بینراوە لەوانە: بۆ خۆ گەرمكردنەوە لەوەزری زستان، كە سۆپای داری پێدەڵێن و دەخرێتە ناو ستوونێك و دەوراوپشتی كون دەكرێ و لەسەرەوەش بەلوولەیەك دووكەڵەكەی دەچێتە سەربان و بۆ دەرەوە، هەروەها بۆ نان كردن و چێشت لێنان و شیر و ساوار كوڵاندن بەكار دێت، لەناو كوردەواریدا شتێكی بەناوبانگ هەیە ئەویش چای سەر ئاگردانە، نازانرێ هۆی چییە چای سەر ئاگردان ئەوەندە بەتام و جۆشە، تەنانەت ئێستا كاتێك خەڵك دەچنە دەرەوە بۆ گەشتوگوزار، ئاگر دەكەنەوە و دەیكەن بەئاگردانێك بۆ چێشت و گەرم بوونەوە و چای لێنان.
Top