ئەڵمانیا دەست بەناردنەوەی بەزۆری پەنابەران دەكات

 ئەڵمانیا دەست بەناردنەوەی بەزۆری پەنابەران دەكات
ڕۆژنامەی "دی فیڵت"ی ئەڵمانی ئاشكرای دەكات حكومەتی ئەڵمانیا بەنیازە یاساكانی پەنابەری توندتر بكات، بەجۆرێك ئەو پەنابەرانەی بڕیاری ڕەتكردنەوەی داوای مافی پەنابەرییەتیان هەیە، ڕێگەیان پێنەدرێ لەسەر خاكی ئەڵمانیا بمێننەوە و بەزۆر ڕەوانەی وڵاتەكانیان بكرێنەوە.

ڕۆژنامەكە ئاشكرای دەكات بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیە مافی پەنابەران كە لەلایەن تۆماس دی میزیر وەزیری ناوەخۆی ئەڵمانیا پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، یاسای نوێ خراوەتەڕوو وەك بەزۆر ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی یاساكانی ئەڵمانیایان پێشێل كردووە یاخود مەترسی گەورە بۆ سەر وڵاتەكە دروست دەكەن.

بەگوێەی یاساكە، دی میزیر سوورە لەسەر ئەوەی بەزووترین كات ئەو پەنابەرانە بنێردرێنەوە وڵاتەكانیان كە داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییەتیەكانیان ڕەت كراوەتەوە.

ئەم هەنگاوانەی ئەڵمانیا دوابەدوای هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسلامییە توندڕەوەكان و هێزە تیرۆریستییەكان دێت بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەكە، كە بەزۆری لەلایەن پەنابەرە نوێیەكانی ئەو وڵاتەوە ئەنجام دران.

لە نێوان 210 هەزار پەنابەردا كە لەماوەی ئەمساڵدا ڕوویان لە ئەڵمانیا كردووە، 158 هەزار و 190 پەنابەر داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییەتیەكانیان ڕەت كراوەتەوە و داوایان لێ كراوە ئەڵمانیا بەجێ بێڵن، بەڵام لە هەمات كاتدا بەشێوەیەكی كاتی ئاسانكاری مانەوەیان بۆ كراوە.




باسنيوز
Top