ئەردۆغان: بۆ مانەوە لە عێراق رەزامەندیی لە کەس وەرناگرین

 ئەردۆغان: بۆ مانەوە لە عێراق رەزامەندیی لە کەس وەرناگرین
سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کە بۆ مانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق، رەزامەندیی لە کەس وەرناگرن.

رۆژی سێشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2016، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی شورای وڵاتانی ئیسلامی رایگەیاند، کە هەر کاتێک عێراق و سووریا پێویستییان بە هاوکاری بێت، وڵاتەکەی هاوکارییان دەکات.

پێشتر هاوشێوەی هەموو سەرکردە و کەسایەتییە ئایینییەکانی شیعەی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کشاندنەوەی سوپای تورکیای لە پارێزگای نەینەوا کردبوو و ئەو هێزەشی بە داگیرکەر ناوبردبوو.

لە بەرامبەردا، رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی بۆ مانەوە لە عێراق چاوەڕێی رەزامەندیی هیچ کەس و لایەنێک ناکات و بەشداریی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵیش دەکات بێ ئەوەی مۆڵەت لە کەس وەربگرێت، ”با هەموو بزانن ئێمە لە عێراق ناکشێینەوە“.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کە سوپا و هێزی 63 وڵاتی بیانی لەسەر خاکی عێراقن و بەرپرسانی عێراقی و سەرۆک وەزیرانی عێراق تەنها داوای کشانەوەی هێزی تورکیا دەکەن، بەڵام ”سوپای تورکیا هێندە بێ ئاست نییە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی عەبادی بگرێت“.

هێزێکی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە میلیشیاکە و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا لە نەینەوا جێگیر بوون، وەک ئامادەکاری بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ و سەرکردە و حزبە شیعەکانی عێراقیش داوای کشانەوەی دەکەن.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.










باسنيوز
Top