لە بەریتانیا یادی رابیعە موفتی پێنجوێنی کرایەوە

لە بەریتانیا یادی رابیعە موفتی پێنجوێنی کرایەوە
رەوەندی کوردی نیشتەجێ لەندەن لە رێورەسمێکدا پرسە و ماڵئاواییان لە کچی شاعیری بەناوبانگی کورد موفتی پێنجوێنی کرد.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 11-9-2016 بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و کەسوکار و دۆستانی کۆچکردوو رابیعە موفتی پێنجوێنی، رەوەندی کوردی بەریتانیا رێورەسمێکیان بۆ یادی رابیعە موفتی پێنجوێنی کردەوە.



رابیعە عەبدوڵڵا، کچی چوارەمی شاعیری ناسراوی کورد موفتی پێنجوێنی لە تەمەنی 80 ساڵی لە 7-9-2016 کۆچی دواییکرد.

رابیعە لەساڵی 1991-ەوە لە لەندەن دەژیا و بەگوتەی کوڕەکەی "هەتاوەکو تەمەن دەرفەتی دا، خەریکی کتێب خوێندنەوە بوو و هەمیشە رادیۆیەک لە باوەشیدا بوو و گوێی لە دەنگوباس گرتووە، هێندە گوێی لە هەواڵ دەگرت، لە دەنگوباس بە زمانی عەرەبی و فارسیش تێدەگەیشت، ئەم ژنە تەنانەت مردنەکەشی کردووە بە پەیامێک و رێچکەشکێنیەکی دیکە".



رابیعە لەدوای خۆی وەسیەتێکی بەجێهێشتووە و گوتوویەتی "لە پرسەکەمدا هیچ رێوڕەسمێکی ئاینیم بۆ نەکرێت، جگە لە لێدانی مۆسیقای شمشاڵی کوردی، قالە مەڕە".



لەبارەی وەسیەتی دایکی، سۆران دەڵێت "بێ دوودڵی وەسیەتەکەی وەک خۆی لە شاری لەندەن جێبەجێ دەکرێت".

مەلا عەبدوڵڵای‌ تووتنچی‌ ناسراو بە موفتی پێنجوێنی کە لە ساڵی 1881 لەداییکبووە و لە ساڵی1952 کۆچی دواییکردووە، شاعیرێکی کورد بوو چەندین هۆنراوەی‌ نیشتمانپەروەری‌ و رێنمایی‌ کۆمەڵایەتی‌ هەیە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی‌ لە پێنجوێن هانی‌ خەڵکی‌ داوە بۆ ناردنی‌ منداڵەکانیان بۆ فێرگە بە تایبەتی‌ کچان.
RUDAW -
Top