UN داوای ئاوڕدانەوە لە ئێزیدییەكان و ڕزگاركردنی بارمتەكان دەكات

 UN داوای ئاوڕدانەوە لە ئێزیدییەكان و ڕزگاركردنی بارمتەكان دەكات
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوا راپۆرتی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە UN و نێردەی یۆنامی دەکەین و بەهەنگاوێکی باشی دەزانین بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزیدی و رزگارکردنی ئەوانەی تا ئێستە رزگار نەکراون.

لەمبارەوە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند لە دوای 3/8/2014ەوە نزیکەی (360،000) هاووڵاتی ئێزیدی ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال و باشووری کوردستان بوون. هەروەها (6413) هاوڵاتی کوردی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بێ سەروشوێن کراون، لەوانە (3543) ئافرەت و (2870)یان پیاو بوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان گشت هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بۆ رزگارکردنیان و بەپێی دوایین زانیاری تا ئێستە توانراوە (2652) یان ئازاد بکرێن و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگار کردنی ئەوانەی تا ئێستا لە دەست داعش ماون.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانی حکومەتی بۆ هاوکاری ئێزیدییەکان خستەروو و رایگەیاند "حکومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە ئەنجامی داوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو ئێزیدییانەی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە کەمپەکان نیشتەجێیان کردوون و پێداویستی و کەلوپەلە سەرەتاییەکانیان بەپێی توانا دابین کردوون، هەروەها لە چەندین رووەوە هاوکاری ئەو ئافرەتانەی کردووە کە تا ئێستا رزگارکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە سەدان هەزار ئاوارەی ئێزیدی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".







باسنيوز
Top