ئێران هێزێکی زۆری سەربازی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات جێگیر دەکات
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 2016- 9 -7 سوپای پاسداران هێزێکی سەربازیی بەرچاوی ڕەوانەی شاری شنۆ و دەوروبەری کردووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەمڕۆ لە نزیک گوندی ئاڵیاوێ لە سەر جاددەی نەغەدە ـ شنۆ، کەمینی سەر جادەیان داناوە، هەروەها هێزێکی زۆریان لەو شارەش جێگیر کردووە."
هەر بەپێی ئەو ڕاپورته لە شاری پیرانشار و نەغەدەش کۆپتەرەکانی ڕژێم بەردەوام بە مەبەستی شناسایی کردن لە جموجۆڵ دان و بۆ ماوەی دوو ڕۆژە ئەو ڕەوشە بەردەوامە.
لەو پەیوەندییەدا، لە شاری سەقزەوە ئەمڕۆ چوارشەممە هێزێکی زۆری سەربازی و چەکوچۆڵێکی زۆری ڕەوانەی شاری بانە کردووە.
گرتنەبەری ئەم ڕەوشە توندە ئەمنییە و هێنانی هێزی زۆری سەربازی بۆ شار و شارۆچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتێک دایە کە دوێنێ سێشەممە لە گوندەکانی دروروبەری هەردوو شاری سەردەشت و بۆکان لە نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی هەردوو باڵی حزبی دیموکرات (حدکا – حدک) شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە و بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بەناوەکانی ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی شەهد بوون.
پاش ڕاگەیاندنی پەیامی نەورۆزیی حیزبی دیموکرات لەلایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی دەسپێکردنەوەی خەبات نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، و ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو خۆی وڵات، و گڕێدانی خەباتی شاخ و شار، هێزەکانی سوپای پاسداران لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.
باسنيوز