کێشە و ناکۆکییەکانی ئێران و سعوودیە لەسەر حەج تەشەنە دەستێنن

کێشە و ناکۆکییەکانی ئێران و سعوودیە لەسەر حەج تەشەنە دەستێنن
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی حەجی ئەمساڵ، ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییەش دیسان بووەتە خاڵێكی ناكۆكیی دیكە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و سعوودیەدا.



بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەكانی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕێوەڕەسمی حەج ڕایگەیاند: "جیهانی ئیسلام، بە هەموو دەوڵەت و نەتەوەكانییەوە دەبێ دەسەڵاتدارانی سعوودی بناسن و بەرۆكیان بەر نەدەن و دەبێ بە هۆی هەڵسوكەوتی ستەمكارانەیان لەگەڵ میوانانی ماڵی خودا بیریكی بنەڕەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی بارەگا پیرۆزە ئایینییەكان و مەسەلەی حەج بكەنەوە."



پەیامی خامنەیی لە كاتێكدا بڵاو دەبێتەوە كە بە بڕیاری سعوودیە، پاش هێرشی ساڵی ڕابردوو لە مەکە و هێرشی هێزە بەسیجییەکان بۆ سەر بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماتیكەكانی ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد، هەروەها پشێوی و ئاژاوەنانەوەی حاجییە شیعەکان لە ناوەندە ئایینییەكانی حەجدا، ئەمساڵ هیچ حاجی، یان بەناوحاجییەكی ئێرانی رێگەی پێ نادرێت بەشداریی ڕێوڕەسمی حەج بكات."



لەلایەكی دیكەوە، محەممەد بن نایف بن عەبدولعەزیز، شازادەی جێنشین، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆی سعوودیە جەختی كردەوە كە لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداریی هاووڵاتیانی ئێرانی لە ڕێوڕەسمی حەجدا، ئەوە تاران بوو كە ئەمساڵ بوو بە ڕێگری لەبەردەم بەشداریكردنیان لەو ڕێوڕەسمەدا و حەجی كردە ڕێوڕەسمێكی سیاسی.



شازادە نایف ڕۆژی دووشەممە 5ی سێپتەمبەر لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە ئامادەكاریی هێزەكانی پاراستنی ڕێوڕەسمی حەج لە وەڵامی تۆمەتی هێندێك لە میدیا ئێرانییەكاندا كە سعوودیەیان بە پێشگرتن لە بەشداریی حاجییەكانی ئێران تۆمەتبار کردووە، ڕایگەیاندووە: "ئەوەی كە ڕاگەیەنەكان و هێندێك لە بەرپرسانی ئێران باسی دەكەن، هیچ بنەمایەكی نییە، ئەوان باشتر لە هەموو كەسێك دەزانن كە سعوودیە هەموو پێداویستییەك بۆ حاجییە ئێرانییەكانیش وەكوو حاجییەكانی هەموو وڵاتانی دیكە ئامادە دەكات، بەڵام ئەمساڵ نوێنەرایەتیی حەجی ئێران كۆمەڵێك داخوازیی بە پێچەوانەی ئامانجەكانی حەج پێشكەش كردبوو كە ئەو داخوازییانە تەناهی و ئاسایشی هەموو حاجییەكانی بە حاجییە ئێرانییەكانیشەوە لەگەڵ هەڕەشە بەرەوڕوو دەكرد".



ئەوەشی زیاد كردووە كە "حكوومەتی سعوودیە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات هەلومەرجێك بێتە ئاراوە كە لەگەڵ ئامانجەكانی حەج ناتەبا بێت و هەڕەشەیەك لەلایەن ئێران، یان هەر لایەتێكی دیكەوە بكرێتە سەر ژیان و تەندروستیی حاجییەكان."



شازادە نایف هەروەها جەختی كردەوە كە ئەوە بەرپرسانی ئێرانین كە لەبەر هەر هۆكارێك كە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، نایانهەوێ حاجییە ئێرانییەكان لە ڕێوڕەسمی حەجدا بەشداری بكەن و لە چوارچێوەی هەوڵەكانیاندا بۆ بە سیاسیكردنی حەج دەیانهەوێ ئاسایشی حەج و حاجییەكان تێك بدەن. ئێمە ئەو كارە قەبووڵ ناكەین و بە هەموو توانای خۆمانەوە لە بەرانبەر هەر كەسێكدا ڕادەوەستین كە بیهەوێ ئاسایشی ڕێوەڕەسمی حەج تێك بدات".








باسنیوز
Top