ئەنجومەنى ئەوروپا: چیتر ناتوانین پێشوازى لە پەنابەران بکەین
دۆناڵد توسک سەرۆکى ئەنجومەنى ئەوروپا ئەمڕۆ ٤ى ئەیلولى ٢٠١٦ ڕایگەیاند یەکێتى ئەوروپا چیتر ناتوانێت بەرگەى پێشوازى پەنابەران بگرێت، و داواى لە وڵاتانى ئابوورى بەهێزى جیهان کرد کە بەشێک لە پەنابەران وەربگرن.
دۆناڵد توسک ، لە پەراوێزى کۆمەڵەى جی٢٠ ڕایگەیاند، تواناى ئەوروپا بۆ پێشوازى لە پەنابەران و پەنابەرانى ئابوورى و نایاسایى گەیتشووەتە سنوورى کۆتایى خۆی.
توسک ڕاشیگەیاند پێویستە بەشێوەیەکى واقعیى و کردەیى بیر لە بابەتەکە بکەینەوە. کێشەکە تەنها ئەو پەنابەرانە نین کە لەو وڵاتانەوە دێن کە جەنگیان تێدا هەیە وەکو سوریا، بەڵکو ئێمە باس لە شەست بۆ حەفتا ملیۆن ئاوارە و پەنابەر دەکەین لەتەواوى جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
توسک داواى لە وڵاتانى کۆمەڵەى ٢٠ کرد کە بەشێک لە پەنابەران وەربگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە دواى شەڕى سوریا و عێراقەوە ملیۆنان پەنابەر بە هۆى شەڕەکانەوە ڕوویان لە وڵاتانى ئەوروپا کردووە و لە ئێستا بووەتە دیارترین کێشە بۆ ئەو وڵاتانە.