یەپەگە: سوپای تورکیا دەستدرێژی کردووەتە سەر سووریا

 یەپەگە: سوپای تورکیا دەستدرێژی کردووەتە سەر سووریا
گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت، کە سوپای تورکیا دەستدرێژی کردووەتە سەر سووریا.

رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016، رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە، کە پەڕینەوەی سوپای تورکیا لە سنووری شاری جەڕابلوس، لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان تورکیا، ئێران و حکوومەتی سووریایە.

رێدوور خەلیل هەروەها رایگەیاندووە، کە سوپای تورکیا بە پەڕینەوەی لە سنوور و چوونە ناو جەڕابلوس، ”دەستدرێژییەکی ئاشکرای کردە سەر کاروباری ناوخۆیی سووریاوە“.

گوتەبێژی یەپەگە باسی لەوەش کردووە، کە داواکاریی تورکیا بە نەپەڕینەوەی هێزە کوردییەکان بۆ رۆژئاوای رووباری فورات جێبەجێ ناکرێت.

تۆمەتبارکردنی حکوومەتی سووریا لەلایەن رێدوور خەلیلەوە بە ئاگاداربوون لە چوونی سوپای تورکیا بۆ نزیک شاری جەڕابلوس لەکاتێکدایە، کە وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، کە سوپای تورکیا سەروەریی خاکی سووریای پێشێڵ کردووە و داوای کرد، رێز لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

رۆژی چوارشەممە 24ـی ئاب، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ناوی ”قەڵغانی فورات“ بۆ پاککردنەوەی باکووری سووریا لە داعش دەست پێکردووە و هێزێکی زۆری تورکیا بە 20 تانکی سەربازییەوە، چوونەتە سنووری شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا.

ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.











باسنيوز
Top