حکوومەتی سووریا: سوپای تورکیا سەروەریی وڵاتەکەمانی پێشێڵ کردووە

 حکوومەتی سووریا: سوپای تورکیا سەروەریی وڵاتەکەمانی پێشێڵ کردووە
وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا رایدەگەیەنێت، کە سوپای تورکیا سەروەریی سووریای پێشێڵ کردووە و داوای هەڵوێست لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016، ئاژانسی (سانا)ی سەر بە رژێمی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، کە سوپای تورکیا بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، چووەتە ناو خاکی سووریا و سەروەریی ئەو وڵاتەی پێشێڵ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، رێککەوتنەکانی تایبەت بە سەروەریی وڵاتان جێبەجێ بکات و تورکیا و ئەمریکا ناچار بکات رێز لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بگرن.

هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێیوایە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان ”دەبێ بە هەماهەنگیی حکوومەت و سوپای سووریا بێت“.

رۆژی چوارشەممە 24ـی ئاب، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ناوی ”قەڵغانی فورات“ بۆ پاککردنەوەی باکووری سووریا لە داعش دەست پێکردووە و هێزێکی زۆری تورکیا بە 20 تانکی سەربازییەوە، چوونەتە سنووری شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا.

ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.











باسنيوز
Top