تورکیا هۆشداری دا.. یەپەگە: بە قسەی هاوپەیمانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەبێ، ناکشێینەوە

 تورکیا هۆشداری دا.. یەپەگە: بە قسەی هاوپەیمانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەبێ، ناکشێینەوە
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دەدا بە چەکدارانی پەیەدە کە بگەڕێنەوە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، ئەگەرنا ئەوەی پێویست بێ دەیکەن. یەپەگەیش دەڵێ، بە قسەی هاوپەیمانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەبێ، ناکشێنەوە.

ئەم لێدوانەی (مەولوود چاوشئۆغڵو)، پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیایە بۆ سەر شاری جەرابلوس لە نێو قووڵایی خاکی سووریادا، کە بە تانکەکانیان و بە پشتیوانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێرشیان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعشان لەو شارەدا بەرپا کردووە و، دەشیانەوێ سنوورێک بۆ پێشڕەوییەکانی هێزە چەکدارەکانی پەیەدە دابنێن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی، تورکیا لێناگەڕێ خەڵکی دەرەکی دەست لە کاروباریان وەربدات و کاریگەری بەسەر سەقامگیریی شاری جەرابلوسەوە هەبێ، کە هێشتا لە بن کۆنترۆڵی داعشاندایە.

لە لایەکی دیکەوە، (ڕێدوور خەلیل)ـی گوتەبێژ بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) کە باڵی چەکداریی پارتی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە)یە، ئەمڕۆ رایگەیاند، دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە سووریا دەستدرێژییە لە کاروباری نێوخۆی سووریا، کە وەک ئەو دەڵێ، بەرەنجامی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا، ئێران و حکوومەتی سووریایە.
(ڕێدوور خەلیل) دەڵێ، ئەوەی تورکیا داوای دەکات کە یەکینەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بکشێنەوە، بۆیان ناچێتە سەر، مەگەر هاوپەیمانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات(ئەمەریکا پشتیوانییان دەکات) داوایان لێ بکەن کە یەپەگە خۆیشی هێزی سەرەکییە لە نێو ئەو هاوپەیمانەتییەدا.











KDP
Top