شێوازی دەستنیشانکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی ئێران دەگۆڕدرێت

 شێوازی دەستنیشانکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی ئێران دەگۆڕدرێت
بڕیارە هەڵبژاردنێک بە هەڵبژاردنەکانی ئێران زیاد بکرێت، بەپێی پڕۆژەیاسایەکی حکومەتی ئێران، لەمەوبەدوا سەرۆکی شارەوانی 50 شاری گەورەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن.

ئەو پڕۆژەیاسایە رادەستی پەرلەمان کراوە و لە کۆمیسیۆنی ئەنجوومەنەکانی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت. بڕیاریشە دواتر لە کۆبوونەوەی گشتیدا دەنگی لەبارەوە بدرێت.

پڕۆژەیاساکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە، بەو پێیە سەرۆکی شارەوانی 50 شار کە رێژەی دانیشتووانیان لە 200 هەزار کەس زیاترە و هەروەها ناوەندی پارێزگاکان بە دەنگی راستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن. شارەکانی دیکەش بەپێی یاسای رابردوو، سەرۆکی شارەوانی لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوە هەڵدەبژێردرێت.

هوشەنگ خەندە دڵ بەڕێوەبەری گەشەپێدانی شار و گوندەکانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت لە ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.

دەشڵێت "کابینەی حەسەن رۆحانی ئەولەویەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان لەلایەن خەڵکەوە دەدات، ئەو پڕۆژەیە حەوت شاری کرماشان، ورمێ، سنە، خوڕەمئاوا، بروجێرد، خۆی و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە".



رووداو-
Top