نرخەكانی نەوتی خاو بەڕێژەی زیاتر لەسەدا یەك بەرزبۆوە

نرخەكانی نەوتی خاو بەڕێژەی زیاتر لەسەدا یەك بەرزبۆوە
ئەمڕۆ نرخەكانی نەوتی خاو بەڕێژەی زیاتر لەسەدا یەك بەرزبۆوە، ئەویش بەهۆی پێشبینییەكانی ئەوەی ئێران بەشداری دەكات لە كۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراوەكەی مانگی داهاتووی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جەزائیر.

ئەمڕۆ رۆیتەرز لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە چەند ئاماژەیەكی پۆزەتیڤ لە ئارادان كە ئێران بەشداریدەكات لە كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان ئۆپیك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیك سەبارەت بە جێگیركردنی بەرهەمهێنانی نەوت و دانانی ئاستێك بۆ نزمبوونەوەی نرخەكانی نەوت، كەوابریارە لە رۆژانی 26 هەتا 28ی مانگی داهاتوو لە پەراوێزی كۆڕبەندی ووزەی جیهانی لە جەزائیر، سازبكرێت.

دوای ئەوە نرخەكانی نەوتی خاو بەرزبونەوە بەجۆرێك نەوتی خاوی برنت 80 سەنت یان %1.7 بەرزبۆوە و بەرمیلێك نەوتی خاوی برنت گەیشتە 49.96 سەنت، لەكاتێكدا پێشتر بەڕێژەی %1.4 دابەزیبوو.

هەروەها نەوتی خاوی ئەمریكیش 67 سەنت یان %1.4 بەرزبۆوە و بەرمیلێك نەوتی خاوی برنت گەیشتە 48.08 سەنت، لەكاتێكدا پێشتر دابەزیبوو بۆ 46.59 سەنت.
ئێران دوای سعودیە و عیراقن سێیەمین گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە نێو ئەندامانی ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) دا، و لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە كە گەمارۆی ئابوری رۆژئاوای لەسەر لابرا بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیاتركردووە.

چەند سەرچاوەیەكی كەرتی پیشەسازی نەوتی ئێران بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە هەرچەندە ئێران ڕاستەوخۆ ڕاینەگەیاندووە بەشداری دەكات لە هەوڵەكان بۆ سنورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كۆبونەوەكەی جەزائیردان بەڵام وادەردەكەوێت تاران دەیەوێت بگاتە رێكەوتنێك لەوبارەوە.

یەكێك لەو سەرچاوانە كە ئاشنایە بە سیاسەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاندووە:" ئێران بەمنزیكانە دەگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بەسەریدا، و دوای ئەوە دەتوانێت هاوكاری وڵاتانی بەرهەمهێنی دیكە بكات."

بەڵام هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە شرۆڤەكاران ڕەشبینن بەرامبەر بە هەوڵەكانی جێگیركردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزكردنەوەی نرخەكانی نەوتی خاو.

تاماس ڤارگا، شرۆڤەكار لە كۆمپانیای ووزەی (PVM) لە شاری لەندەن ڕایگەیاند-ووە:" ئاستەكانی ئێستای نرخەكانی نەوت لەسەرووی 40 دۆلارەوە هیچ هاندانێك ناخاتەڕوو بۆئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی دەرەوەی ئۆپیك پشتگیری بكەن لە هەوڵی بەرزكردنەوەی نرخەكان لەرێگای كەمكردنەوە یان ڕاگرتنی ئاستەكانی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوتەوە."

هەروەها ئەمڕۆش حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ڕایگەیاند عیراق هێشتا نەگەیشتۆتە پشكی تەواوی خۆی لە بازاڕی نەوت و ئاماژەیكرد بەوەی عیراق بەباشی دەزانێت بەرهەمهێنانی خۆی زیاتر بكات و بەرهەمهێنانی خۆی سنوردارنەكات وەكو بەشێك لە ئەگەری هەر رێكەوتنێكی ئۆپیك بۆ بەرزكردنەوەی نرخەكان.



رۆیتەرز -
Top