مێرکل و ئۆلاند لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ پوتین کۆدەبنەوە

 مێرکل و ئۆلاند لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ پوتین کۆدەبنەوە
بڕیارە هەریەکە لە راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆککۆماری فەرەنسا لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆببنەوە.

کۆشکی کریملین لە راگەیێندراوێکیدا رۆژی سێشەممە 23-8-2016 رایگەیاند، بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی G20 هەریەکە لە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆببنەوە.

کۆشکی کریملین ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی مێرکڵ و ئۆلاند لەگەڵ پوتین تایبەت دەبێت بە دۆخی ئۆکراینا و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ئۆکراینا و جوداخوازەکانی ئەو وڵاتە.

بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سەرۆكایەتی رووسیا، ئەو سێ سەرکردەیە پێشتر لەڕێگەی تەلەفۆنەوە رێککەوتوون کە لە پەراوێزی ئەو لووتکەیەدا پێکەوە کۆببنەوە، کە بڕیارە لە رۆژانی 4 و 5ی مانگی داهاتوو لە چین ببەسترێت.
Top