نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر لەسێدارەدانی 36 "تاوانبار"ەكەی سپایكەر هاتەدەنگ

نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر لەسێدارەدانی 36
نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند "پاڵنەری تۆڵەكردنەوە" لەپشت لەسێدارەدانی ئەو 36 كەسەوە بووە كە تاوانبار كرابوون بە كوشتنی ژمارەیەك سەرباز لەسەر بنەمای تایەفی لە سەربازگەی سپایكەر لە عیراق.

وەزارەتی دادی عیراق رۆژی 21ی ئەم مانگە رایگەیاند، دوای واژۆی سەرۆك كۆماری عیراق لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی تاوانبارانی سپایكەر، 36 ئەنجامدەری ئەو تاوانە لە زیندانی مەركەزی ناسریە لەسێدارە دران و سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ كرا.

كوشت و بڕی سەربازگەی سپایكەر، بە یەكێك لە تاوانە دیارەكانی دوای دەركەوتنی ڕێكخراوی داعش دادەنرێت لە عیراق، كاتێك لە ساڵی 2014 چەكدارانی ئەو رێكخراوە پەلاماری ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای سەلاحەدین-یانداو كۆنتڕۆڵی سەربازگەی سپایكەری نزیك ئەو پارێزگایەیان كرد و زیاتر لە هەزار و 700 ئەفسەر و سەرباز لەلایەن چەكدارەكانی داعش و ئەو كەسانەی هاوكارییان دەكردن كوژران كە زۆرینەیان شیعە مەزهەب بوون.

سیسێل پۆویای وتەبێژی مافەكانی مرۆڤ لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ژنێف رایگەیاند"ئەو كەسانەی لەسێدرادراون تەنها لەسەر بنەمای زانیاری چەند هەواڵگرێكی نهێنی یاخود دوای دانپێدانان(كەدەوترێت لەژێر ئەشكەنجەدا بووە) تاوانبار كراون" وەك رۆیتەرز ئاماژەی پێكردووە.

وتیشی" ئەو پارێزەرەی لەلایەن دادگاوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی بەرگری لە سكاڵا لێكراوان بكات، لەهیچ رێ‌و شوێنێكی دادگادا رۆڵی نەبووە تەنها ئەوەندە نەبێت بەرلەدەركردنی بڕیاری دادگا بەیاننامەیەكی سێ خولەكی هەبووە".

پۆویای ئاماژەی بەوەشكرد، نەتەوەیەكگرتووەكان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق كردووە هەر پرۆسەیەكی دادگاییكردن كە پەیوەست دەبێت بە"كۆمەڵكوژی و قەسابخانە" رێ‌و شوێنی یاسایی تێدا بگیرێتەبەر و دوور بێت لە پاڵنەری تۆڵەسەندەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو لەسێدارەدانانە بەو شێوەیەنەبوون.

رۆژی 22ی ئەم مانگەش رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لە لەسێدارەدانی 36 كەسەكە گرت و رایگەیاند، لەسێدارەدان كۆتایی بە مەترسییە ئەمنییەكانی عیراق ناهێنێت.

لە راگەیەندراوەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، كە یەكێك لەو كەسانەی لە سێدارەدراون "دانی ناوە" بە كوشتنی 60 خوێندكاری ناو سەربازگەی سپایكەردا، دانپێدانانەكە دوای هەڕەشەلێكردنی بووە بەوەی كە دەستدرێژی دەكرێتە سەر خێزان‌و خوشكەكانی، هاوكات ئەو كەسە بە كێبڵ و كارەبا لێیدراوە.

لەبەڵگەیەكی ڤیدیۆییدا كە كەناڵێكی عیراقی "وەڵامدانەوە و دانپێدانانەكانی" بڵاوكردووەتەوە، كەسەكە بە روونی شوێنی لێدان بە روخساریەوە دەردەكەوێت، بەپێی وتەی دادوەران وتەكانی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بەكارهاتووە بۆ كۆتاییهێنان بە بڕیارەكەی دادگا، دادگا بڕیاری لێكۆڵینەوەی سەربەخۆی لە دەنگۆی ئەشكەنجەدانی ئە‌و كەسەو تۆمەتبارەكانی دیكە نەدا.

بەرپرسانی عیراقی، لەدوای تەقینەوەكەی كەڕادەی بەغداد، كە لە 3 ی تەموزی ئەمساڵدا روویداو نزیكەی 324 كەس بەهۆیەوە كوژران، رووبەڕووی فشارێكی زۆری سیاسی‌و رای گشتی وڵاتەكە بوونەوە، ئەمەش وایكرد بڕیار لە خێراكردنی جێبەجێكردنی بڕیاری لەسێدارەدان بدرێت.

حەیدەر زاملی وەزیری داد-ی عیراقیش لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا پێشبینی كرد سزای لەسێدارەدانی تر جێبەجێ بكرێت، لەهەمانكاتدا نیگەرانی و رەخنەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رەتكردەوە لەبارەی بێ لایەن نەبوونی دادگاكان.

بەپێی راگەیەندراوەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەساڵی 2016دا، لانیكەم 81 كەس لە عیراق لەسێدارە دراون‌و سزای مەرگ بۆ 123 كەسی دیكە دەركراوە.
Top