یۆنان لەسەر دۆسێی كۆچبەران داواكارییەكی لەیەكێتی ئەوروپا هەیە

یۆنان لەسەر دۆسێی كۆچبەران داواكارییەكی لەیەكێتی ئەوروپا هەیە
یۆنان داوای لەیەكێتی ئەوروپا كرد پەلەبكات لە جێبەجێكردنی پلانی نیشتەجێكردنەوەی كۆچبەرانی وڵاتەكەی لەوڵاتانی تری یەكێتییەكە، تاوەكو فشارەكانی سەر ئەو وڵاتەو ئیتاڵیا لەو روەوە كەمتر ببنەوە.

بەگوێرەی رێكەوتنێك كە ساڵی رابردوو لەنێوان یەكێتی ئەوروپاو هەریەك لە یۆنان‌و ئیتاڵیا واژۆكراوە، پێویستەی لەماوەی دوو ساڵدا 160 هەزار كۆچبەر لەو دوو وڵاتەوە كە دەكەونە سەر سنووری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا بەسەر وڵاتانی تری یەكێتییەكەدا دابەش بكرێن، بەڵام لەو كاتەوە تائێستا ئەو پلانە تەنها بەسەر تەنها 4 هەزار كۆچبەردا جێبەجێ كراوە.

یانیش موزالاس وەزیری كۆچی یۆنان ئەمڕۆ لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەئێستادا 7 هەزار كەس ئامادەی نێشتەجێكردنەوەن، بەڵام هیچ بەدەنگەوە هاتنێك لەلایەن وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە نییە بۆ وەرگرتنیان، بۆیە داوایان لێدەكەن ئەو كەلێنە پڕ بكەنەوە.

" مانگی داهاتوو لەگەڵ چەند وەزیرێكی تردا سەردانی وڵاتانی ئەندام لەیەكێتی ئەوروپا دەكەین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو دۆسێیە، لەبەرئەوەی ئەسینا دەیەوێت یەكێتییەكە ئەو بەڵێنە بباتەسەر كە رێكەوتنی لەبارەوە كراوە" وەزیری كۆچی یۆنان وای وت.

بەشێك لەوڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا دژایەتی خۆیان بۆ پلانەكەی یەكێتییەكە نیشانداوەو هەریەك لە هەنگاریاو سلۆڤاكیا رێ‌و شوێنی یاساییان لەدادگاكان و لەدژی ئەو پلانە گرتۆتەبەر.

لەئێستادا 58 هەزار كۆچبەر لەیۆنان گیریان خواردووەو لەو وڵاتەدا ماونەتەوە بەهۆی داخستنی سنووری ناوچەی بەلكان بە روویاندا.
Top