ئێران لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ونبووانی هەڵەبجە پێكدێنێت

 ئێران لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ونبووانی هەڵەبجە پێكدێنێت
لە كۆبوونەوەكانی شاندی پەرلەمانی ئێران و پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی كەیسی بێسەروشوێنانی هەڵەبجە.

موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە ئەندامێكی شاندەكەی پەرلەمانی عێراق بوو بۆ ئێران راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی شاندی پەرلەمانی عێراق و ئێراندا، وەكو پەرلەمانتارێكی كوردی هەڵەبجەیی، داوای هاوكاریم لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد بۆ كارئاسانی لە بەدواداچوون و سۆراخكردنی ئەو دەیان منداڵەی دوای كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 ئاوارەی ئێران بوون و دواتر لە خێزانەكانیان دابڕاون".

سەبارەت بە وەڵامی داواكارییەكەی، موسەننا ئەمین گوتی "دوای داواكارییەكەم لە عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كە داواكاریی 63 خانەوادەی هەڵەبجەیی بوو، بەڕێز لاریجانی بڕیاری دا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی عەلائەدین بروجردی و ئەندامێتی پەرلەمانتارانی كورد دكتۆر عەلەوی و دكتۆر خزری، بۆ بەدواداچوون بۆ كەیسی بێسەروشوێنانی هەڵەبجە پێكبهێنێ‌".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەرچەندە ئامانجی سەردانەكەی شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ ئێران بە مەبەستی پیرۆزباییكردن بوو لە لاریجانی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام گوتی "ئەو دەرفەتەم قۆستەوە بۆ ئەوەی ئەو داوایە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەم، هەروەها ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی تەواوی ئەندامانی ئەو لیژنەیەم وەرگرتووە بۆ ئەوەی بەردەوام بەدواداچوون بۆ كارەكانیان بكەم".

دابەشبوونی عێراق و سەربەخۆیی كوردستان، تەوەرێكی كۆبوونەوەی شاندەكەی عێراق بە سەرۆكایەتی سەلیم جبووری و شاندی پەرلەمانی ئێران بوو، موسەننا ئەمین گوتی "ئێرانییەكان نەیانشاردەوە و بە راشكاوی ‌ترسی خۆیان دەربڕی لە ئەگەری دابەشبوونی عێراق، گومانیان لە یەكپارچە مانەوەی عێراق هەبوو. ئەوان پێیانگوتین مەبەست لە هاتنی ئەمریكا بۆ ناوچەكە بۆ دابەشكردنی عێراق و جیاكردنەوەی كوردستانە. داوایان لێكردین هاوكار بین بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی".



رووداو-
Top