توركیا داوا لەدانیشتوانی شارۆچكەیەكی هاوسنوری جەرابلوس دەكات چۆڵی بكەن

توركیا داوا لەدانیشتوانی شارۆچكەیەكی هاوسنوری جەرابلوس دەكات چۆڵی بكەن
توركیا تەئكید دەكاتەوە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە گروپە چەكدارییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا-نزیكن لە خۆی- دەكات بۆ وەدەرنانی داعش لە شارۆچكەی جەرابلوس، هاوكات داوا لە دانیشتوانی شارۆچكەیەكی توركیا دەكات كە نزیكە لە جەرابلوس شارۆچكەكە چۆڵ بكەن.

بەپێی رۆیتەرز، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرا ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەكە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنەوەی جەرابلوس زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی توركیا.

توركیا دەیەوێت بە یارمەتیدانی گروپە چەكدارییەكانی نزیك لەخۆی لەناو خاكی توركیاوە پەلە بكات لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارە سنورییە ستراتیژییە لە باكوروی سوریا پێش ئەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شارەكە كۆنتڕۆڵبكەن.

لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی سوپای توركیا داوایان لە دانیشتوانی شارۆچكەی (كاركامیش)ی سنوری پارێزگای كلیس كردووە شارۆچكەكە چۆڵبكەن، دوای ئەوەی چەند گولە تۆپێك لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لەناو خاكی سوریاوە ئاڕاستەی شارۆچكەكە كراوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتەوە.

هاوكات سوپای توركیا بە تەقاندنی 40 گولە تۆپ وەڵامی تۆپبارانەكانی داعشیان داوەتەوە.

شارۆچكەی (كاركامیش) دراوسێی شارۆچكەی جەرابلوسی سوریایەو ئێستا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەپشتیوانی توركیا خۆیان ئامادەدەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی جەرابلوس.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس هۆشداریدایە توركیا كە بێدەنگ نابن لە دەستێوەرانی ئەو وڵاتە لەپرسی كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی جەرابلوس لەلایەن چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای نزیك لە توركیا.

ئەنجومەنەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند دوای رزگاركردنی شاری مەنبەج لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات كە دراوسێی جەرابلوسە، دەوڵەتی توركیا گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای نزیك لەخۆی جوڵاندوەو ژمارەیەكی زۆر لەوچەكدارانەی كە لەناویاندا"چەكدارانی داعشیش هەن" لەخاڵە سنورییەكانەوە ناردوە بۆ ناو خاكی سوریا.

لەبەیاننامەكەدا ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس-سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات- دەڵێت"دەوڵەتی توركیا ژمارەیەك لە هێزو گروپی چەكداری، بە تایبەتی ئەو گروپانەی كە سەر بە قاعیدەن‌و لەشاری حەلەب سەری منداڵیان بڕیوە‌و هەمان رێبازی داعش بەكاردەهێنن بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری توركیا بەرەو ناو خاكی سوریا دەجوڵێنێت بە تایبەت لەناوچەی جەرابلوس بە ئامانجی داگیركردنی ئەو شارە بە رێكەوتنێكی گوماناوی لە نێوان داعش‌و دەوڵەتی توركیا".

شارۆچكەی جەرابلوس دەكەوێـتە كەناری رۆژئاوای رووباری فورات‌و دوا شارۆچكەی گرنگی ژێر دەستی چەكدارانی داعشە لەسەر سنوری سوریا- توركیا.

شارۆچكەكە دەكەوێتە 54 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچكەی ڕاعی، كە شارۆچكەیەكی سنوریی دیكەیەو چەكدارانی سوپای سوریای ئازاد بەمدواییانە دوای وەدەرنانی چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵیان كردو دواتر داعش كۆنتڕۆڵی كردەوە.

ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس دەشڵێت"ئێمە وەكو فەرماندەی گشتی سەربازی جەرابلوس و دەوروبەری دەوڵەتی توركیا لەمكارە دوژمنانەیەی لەدژی خاكی سوریا‌و پێكهاتەكانی هۆشدار دەكەینەوەو بێدەنگ نابین لەوكردەوە دوژمنانەی توركیا لەدژی ناوچەی جەرابلوس، ناوچەكەو خەڵكی خۆمان دەپارێزین بەپێی یاسای نێودەوڵەتی".

فەرماندەی گشتی ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس‌و گوندەكانی دەوروبەری لەكەتیبەی فورات جەرابلوس(ئەلجەوادرە)و كەتیبەی ئەحرار جەرابلوس‌و كەتیبەكانی صقور جەرابلوس پێكدێت.

ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس داواش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكات كە پابەندبێت بەو بەڵێنانەی داویەتی بۆ پاراستنی ناوچەكەیان لەبەرامبەر دەستێوەردانی سوپای توركیاو"هەوڵدانی بۆ داگیركردنی خاكی سوریاو لێدانی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان".

جەرابلوس شارۆچكەیەكی سەر بە پارێزگای حەلەبی سوریایەو دەروازەی سنوریی هەیە لەگەڵ توركیا‌و ناوچەی كۆبانی‌و عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان بە یەكەوە دەبەستێتەوە، دانیشتوانەكەی تێكەڵە لە كورد، عەرەب‌و توركمان‌و بەپێی سەرژمێری ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتوانی 58 هەزارو 889 كەسە.


رۆیتەرز-
Top