ئەفغانستان؛ سەربازێكی ئەمریكی كوژرا و سەربازێكی دیكەش برینداربوو

ئەفغانستان؛ سەربازێكی ئەمریكی كوژرا و سەربازێكی دیكەش برینداربوو
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە ئەمڕۆ سەربازێكی ئەمریكی لە ئەفغانستان كورژا و سەربازێكی دیكەش برینداربوو.

سایتی ئەی بی سی نیوزی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی سوپای ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە هێرشەكە لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا لە شاری لەشكرگاه-ی ناوچەی هێڵمەندی باشوروی ئەفغانستان ڕوویداوە و لەئەنجامدا شەش سەربازی ئەفغانیش برینداربوون.

ژەنراڵ جۆن نیكۆلسۆن، فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكاو ناتۆ لەئەفغانستان ڕایگەیاند"ئێمە بە قووڵی دڵتەنگین بە لەدەستدانی ئەو سەربازە، بەڵام بەردەوامدەبین لە یارمەتیدانی سوپای ئەفغانستان بۆ ئەوەی داهاتویەكی گەشتر بۆ خۆیان و منداڵەكانیان بهێننەدی".

تەقینەوەی بۆمبەكە دوای یەك رۆژ دێت لەوەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایانگەیاند كە 100 سەربازی دیكەیان ناردووە بۆ لەشكرگاه بۆ ئەوەی بەرگریی لەوشارە بكەن، كە وادەردەكەوێت شارەكە مەترسی زۆری لێدەكرێت بكەوێتە دەست بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان.

ماوەیەك لەمەوبەر كەریم ئاتاڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی ناوخۆیی شاری لەشكرگاه ڕایگەیاندبوو"ئەگەر حكومەتی ناوەندی پشتگیرمان نەكات، شارەكە دەكەوێتە دەست چەكدارانی تاڵیبان".

لە ساڵی 2001 دا لە هەڵمەتێكی هاوپەیماناندا بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕووخێندرا، لەوكاتەشەوە چەكدارانی تاڵیبان لەدژی هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەفغانستان شەڕدەكەن.

مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو تاڵیبان بۆ ماوەیەكی كورت شاری قوندوزی باكوروی ئەفغانستانی كۆنتڕۆڵكردەوەو دواتر لەلایەن هێزەكانی ئەفغانستان‌و ئەمریكاوە لەو شارە دەركران، ئێستاش ئەو بزوتنەوەیە هەوڵدەدات شاری لەشكرگاه كۆنتڕۆڵ بكات و بیكاتە دووەمین پایتەختی ناوچەیی خۆی.




سایتی ئەی بی سی نیوز-
Top