ئێران: ڕووسیا پێچەوانەی بەڵێنەکانی ئەمەگنەناس بوو

 ئێران: ڕووسیا پێچەوانەی بەڵێنەکانی ئەمەگنەناس بوو
حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە کە حکوومەتی ڕووسیا لە بەرانبەر بەڵێنەکانی ئەمەگنەناسی کردووە.

وەزیری بەرگریی ئێران لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی دوو، باسی لەوە کرد کە ڕووسیا بە ئاشکراکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی لە بنکەی ئاسمانیی نۆژەی هەمەدان ئەمەگنەناسی کردووە و ڕەخنەی لەو کارەی وڵاتی ڕووسیا گرتووە.

حوسێن دێهقان، لەو دیمانە تەلەفزیۆنییەدا باسی لەوەش کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لە بنکەی ئاسمانیی هەمەدان تەنیا بۆ "سووتەمەنی وەرگرتن" حوزووریان هەبووە و ڕووسەکان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ئەمەگنەناسییان کردووە.

ئەو بەپرسەی حکوومەتی ئێران گوتیشی "کە ئێمە هیچ نووسراوەیەکمان سەبارەت بە حوزووری فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا لە هەمەدان واژۆ نەکردووە."

ئەو گوتانەی حوسین دێهقان لە کاتێک دایە کە پێشتر گوتبووی تا هەر کاتێک پێویست بێت، بنکەی نۆژە لە ئیختیار ڕووسیا دادەنێین و ئەوەش پێوەندیی بە پەرلەمانەوە نییە و بڕیای حکوومەتە.

هەواڵدەرییەکانی ئێران، بڵاویان کردەوە کە حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ئێران، لە پرێس‌کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کردووە کە، پرسی بنکەی هەوایی نۆژەی هەمەدان پێوەندی بە مەجلیسەوە نییه.

بەپێی ئەسلی ١٤٦ی یاسای بنەڕەتی ئێران، هیچ وڵاتێکی بیانی ناتوانێت لە ئێران بنکەی سەربازی، تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەش بێت، جێگیر بکات.

کەڵک‌وەرگرتنی ڕووسیا لە بنکەی ئاسمانیی نۆژەی هەمەدان، لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی ئێران، بەردوام باس لە سەربەخۆیی ئێران و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەن و لە ڕابردووشدا ڕەخنەیان لە حکوومەتی پاشایەتی دەگرت، کە دەستنیشاندەی بێگانەکانه.

پرسی هاویشتنی مووشەکی ڕووسیا لە بنکەی ئاسمانیی هەمەدان لەلایەن ڕووسیاوە بووە هۆی ڕەخنەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە ڕووسیا و ئێران.











باسنيوز
Top