دوو رێکخراوی جیهانی داوای راگرتنی ئەندامێتی سعودیە لە مافی مرۆڤ دەکەن

 دوو رێکخراوی جیهانی داوای راگرتنی ئەندامێتی سعودیە لە مافی مرۆڤ دەکەن
دوو رێکخراوی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، ئەندامێتی سعودیە لە رێکخراوی مافی مرۆڤ رابگرێت.



هەردوو رێکخراوی دادی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایانگەیاندووە، کە بەڵگەیان لایە سعودیە 69 هێرشی ئاسمانیی نایاسایی لە یەمەن ئەنجامداوە، کە بەشێکیان دەگەنە رادەی تاوانی جەنگی و بوونەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 913 هاووڵاتیی مەدەنی.



فیلیپ بۆلوبیون، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی رایگەیاندووە، سعودیە ”تۆمارێکی ئابڕووبەری لە پێشێڵ کردنەکان لە یەمەن هەیە“و پێیوایە پێویست ناکا چیتر ئەو وڵاتە وەک ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بمێنێتەوە.



هەروەها رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوەڵەتی رایگەیاندووە، کە سعودیە بۆمبی هێشوویی لە یەمەن بەکارهێناوە، کە بە پێی یاسا جیهانییەکانی بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەیە، وێڕای ئەوەی گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرە یەمەنییەکان، تاوەکو پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان نەگاتە ئەو وڵاتە.



سعودیە هاوپەیمانییەکی پێکهێناوە، کە لە مانگی ئاداری 2015ـەوە لە رێی فڕۆکە جەنگییەکانەوە بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی حوسی بۆردومان دەکات، کە ئێران پشتگیرییان دەکات.



راگرتنی ئەندامێتیی هەر وڵاتێک لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، کە لە 47 ئەندام پێکدێت و هەر ئەندامێ نوێنەرایەتیی وڵاتێک دەکات، پێویستیی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە لە 193 وڵات پێکدێت.




باسنیوز
Top