یەكەم جارە بەرپرسێكی گەورەی ئێران ئاشكرای دەكات ژێربەژێر هاوپەیمانییەتی ئەمەریكایان كردووە

یەكەم جارە بەرپرسێكی گەورەی ئێران ئاشكرای دەكات ژێربەژێر هاوپەیمانییەتی ئەمەریكایان كردووە
عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری گشتیی رێبەری ئایینی ئێران ئاشکرای کرد ئیدارەی وڵاتەكەی لەبارەی کاری ھاوبەش لە ئەفغانستان و عێراق لەگەڵ ئەمریکا ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و کاری ھاوبەشیان کردووە.

راوێژکاری گشتیی رێبەری ئایینی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر ئێران چەند جارێک لەگەڵ ئەمریکا کۆبووەتەوە، بەڵام ئەمریکا بە پێچەوانەی ئەو بابەتانەی کۆک بوون، جموجۆڵی کردووە.

ویلایەتی روونیشی کردەوە کە ئێران بۆ یەکەم جار لەبارەی دانوستانەکانی ئەفغانستان لەگەڵ ئەمریکا کۆبووەتەوە و بەم پێیەش گوتی "ئێران ئەوکات لەژێر ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئامانجە ھاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا کۆبووەوە. لەکاتی کۆبوونەوەکاندا ئەوکات نوێنەری ھەمیشەییمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەواد زەریف بوو. ئێمە ئەوکات پشتگیرییمان لە ئەحمەد شێخ مەسعود دەکرد کە لە ویلایەتی پەنجشیر دژی تاڵیبان دەوەستا. ئەوان تاوەکو دەرفەتی چوونە نێو ئەفغانستانیان بۆ رەخسا، سوودیان لە کۆبوونەوەکان وەرگرت، بەڵام دوای ئەوەی سەروەرییان لە ئەفغانستان بەدەست ھێنا، ئێرانیان بە یەکێک لە وڵاتە خراپەکان لەقەڵەم دا".

ویلایەتی لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو کە ھەمان رووداو لە بابەتی عێراقیش رووی دا و ھەروەھا گوتیشی "ئێران و ئەمریکا دوای کەوتنی رژێمی سەدام، لە پێناو بەرقەراربوونی ئاسایش لە عێراق کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، بەڵام ئەوان دیسان پەیوەست بە کۆبوونەوەکان نەبوون و رێگەی خۆیان گرتەبەر".

راوێژکاری گشتیی رێبەری ئایینی ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی، ئەمریکا تۆمەتبار کرد و گوتیشی "ئەمریکییەکان سەرەتا دانیان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران نا و پەیامی ھەڵگرتنی گەمارۆکانیان دا. لە نامەکەی ئۆباما بۆ ئێران ئەم بابەتانەی تێدابوو، بەڵام ئەمانە پەیرەو نەکرا".



باسنیوز
Top