سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان دەکات
سەردار محەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: " لە سنووری شنۆ لە باکووری رۆژئاوای ئێران دوو گرووپی تیرۆریستی کە بەنیاز بوون لە سنوور بپەڕنەوە بۆ کردەوەی تیرۆریستی کەوتنە داوی هێزەکانی قەرارگای حەمزە، لەدوای چەند کاژێرێک، پێکدادان روویدا و چەند کەسێکیان لێ کوژرا".
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات کە ئەوان هەمیشە ئامادەباشن و پارێزگاری لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران دەکەن و رێگە بە جمووجوڵی "تیرۆریستەکان" (حیزبە کوردییەکانی دژی ئێران) نادەن.
پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 15-6-2016 لە دەورووبەری شاری شنۆ، شەڕ و پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حدکا و سوپای پاسداران روویدا، بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک پاسداری ئێرانی کوژراو و برینداربوون.
شەڕەکە لە نزیک گوندەکانی سەرگیز و قەرەسەقەل لە نزیک شارۆچکەی نەلۆسی سەر بە شنۆ روویداوە.دۆخی ئەمنی شنۆ و ناوچەکانی دەورووبەری زۆر تووندکراوە و هێز لە پیرانشار و دەورووبەری پیرانشارەوە هێنراوە بۆ شنۆ و سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، شەڕ و پێکدادانەکە کۆتایی هاتووە و هێزەکانی پێشمەرگەی حدکا توانیویانە لە ناوچەکە دووربکەونەوە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان لە ئەنجامی ئەم شەڕ و پێکدادانە چەند کەسی سڤیلیش کوژرا و برینداربوونە و چەندین خانوو لە گوندی سەرگیز بەهۆی بۆمبارانکردنیان داڕماون و ئاگریان گرتووە.
رۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدکا راگەیاند: "زانیاری وردیان لەبارەی زیانی شەڕ و پێکدادانەکە لەبەردەست نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان گەیشتوون، زیاتر لە 5 کەس لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون و 7 ی دیکەش بریندار بوونە و بۆ نەخۆشخانەکانی شنۆ، ورمێ و نەغەدە گواستراونەتەوە ، هاوکات هاتووچۆ بۆ نەخۆشخانەکان قەدەخەکراوە و هێزێکی زۆر لە شاری شنۆ بڵاوەیان پێکراوە".
جەهانگیری گوتی، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستیان کەوتووە هێزەکانی پێشمەرگە هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.