نێچیرڤان بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ لە مۆسكۆ کۆدەبنەوە

 نێچیرڤان بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ لە مۆسكۆ کۆدەبنەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسكۆ کۆدەبنەوە.

بیستەمین کۆڕبەندی ئابووری بە بەشداریی ژمارەیەک لەسەرکردە و پسپۆڕی ئابووری جیهان بەڕێوەدەچێت و شاندێکی هەرێمی کوردستانیش بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەشدار دەبن.

لەو کۆڕبەندەدا گفتوگۆ لەسەر زۆرێک لەپرسە ئابوورییەکانی جیهان، پەیوەندیی و کاریگەریی ئابووری رووسیا و وڵاتانی جیهان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە ئابوورییەکان دەکرێت.

سامی ئەرگووشی، سکرتێری رۆژنامەڤانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە سانت پترسبۆرگی رووسیا راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 16-6-2016 بیستەمین کۆڕبەندی ئابووری لە شاری سانت پترسبۆرگی رووسیا دەستپێدەکات، شاندێکی باڵای حکومی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکوەزیران گەیشتووەتە رووسیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە.

سکرتێری رۆژنامەڤانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، بڕیارە نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا، وەزیرانی دەرەوە، نەوت و سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆم کۆببێتەوە.

ئەرگووشی گوتیشی "بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران لەسەر داوەتی فەرمی رووسیا بووە".
Top