لە سوریا هەشت ئەندامی سوپای پاسداران كوژران

لە سوریا هەشت ئەندامی سوپای پاسداران كوژران
مەهدی تەهماسبی، ناوبژیوانی پلە یەكی تۆپی پێ لە پارێزگای قوم و عەلی مەنسووری لە فەرماندە باڵاكانی سوپای "نەیشابوور" لە سووریا كوژران.



ماڵپەڕی ڕادیۆ فەردا بڵاوی کردەوە، تەهماسبی جگە لە ناوبژیوانی ئەندامی كارای سوپای پاسدارانی ئێران بوو و هەواڵی كوژرانی لە سووریا دوێنێ‌ سێشەممە پشتڕاست كراوەتەوە.



عەلی مەنسووری یەكێك لە فەرماندەكانی سوپای پاسدارانە، كە تەلەفیزیۆنەكانی ئێران هەواڵی كوژرانیان لە "خان تومان"ی سووریا بڵاو كردەوە و هۆكاری كوژرانەكەی تەقینەوەی مین ڕاگەیەندراوە.



هەواڵدەریی "ئەبنا" هەواڵی كوژرانی سێ‌ ئەندامی دیكەی سوپا لە حەلەب بە ناوەكانی "حوسێنعەلی پوورئیبراهیمی"، "عەباس دانشگەر" و " مەهدی نەزەری" بڵاو كردبووە.



"ئەحمەد مەكیان" ئەندامێكی بەسیج بوو كە هەواڵی كوژرانی لە باكووری سووریا دوێنێ‌ لە ڕاگەیاندنەكانی ئێران بڵاو بووە.



مەهدی ئیسحاقیان لە پاسدارانی لەشكری 14ی ئیمام حوسێن لە شەڕەكەی ئەمدواییەی حەلەب كوژراوە و دوێنێ‌ لە ئیسفەهان بە خاك سپێردراوە.



ئەمڕۆش هەواڵدەری "تەسنیم" كوژرانی یەكێك لە ئەندامانی لەشكری "فاتیمەیوون"ی ڕاگەیاندووە، هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە بە خاكسپاردنی 6 ئەندامی دیكەی ئەو لەشكەرە لە شاری قوم بەڕێو دەچێت.



لەگەڵ زیادبوونی شەڕ و پێكدانانەكان لە پارێزگای حەلەب، ئاماری كوژراوانی ئێرانی، ئەفغانی و پاكستانی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو زیادی كردووە.



ئێران چەندینجار كوژرانی فەرماندە و ئەندامانی سوپای لە سووریا پشتڕاستكردووەتەوە، بەڵام دەڵێت ئەو هێزانە تەنیا بە پلەی ڕاوێژكاری سەربازی لە سووریان.








باسنیوز
Top