تەقەی هێزەکانی ئێران لە پەنابەران شهش كوژرا و 18 برینداری لێكهوتهوه
بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئینتیزامییەکانی ئێران لە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری پەنابەرانی ئەفغانی لەپارێزگای کرمان شهش کەس کوژران و 18 کەسی دیكهش بریندار بوون.
ماڵپەڕی ئیسنای ئێرانی بڵاویكردهوه، ئەو رووداوە ئێوارەی رۆژی شەممە 7ی ئایار لە شاری رەفسەنجان سەر بە پارێزگای کرمان کە لەناوەندی ئێران هەڵکەوتووە روویداوە.
شهش کوژراو و 18 برینداری ئەو رووداوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەنار و رەفسەنجان کراون و بە وتەی کەسانی خۆجێی کە لەو شوێنە بوون دۆخی تەندروستی ههندێكیان ناجێگیره.
یەکێک لەو پەنابەرانە وتوویەتی " ئێمە لە جەیرۆفتەوە ویستوومانە بچین بۆ شاری یەزد و هێزەکانی ئێران تەقەیان لەئێمە کردووە."
عەمید عەلیرەزا پەریوەر، جێگری کۆمەڵایەتی هێزە ئینتزامییەکانی پاریزگای کرمان رایگەیاندووە "تەمەنی ئەو کەسانە لەنێوان 20 هەتا 30 ساڵ بووە".
راشیگهیاند "کاتێک هێزەکانی پۆلیس داوایان لە ئۆتۆمبیلەکە کردووە بوەستێت، رانەوەستاوە و هەر بۆیە تەقە لە ئۆتۆمبیلەکە کراوە".
بەپێی یاساکانی ئێران لە رووداوی لەم جۆرەدا دەبێت سەرەتا تەقە لە تەگەرەی ئۆتۆمبیلەکان بکرێت، بەڵام لەم رووداوەدا تەقە لە ئۆتۆمبیلەکە کراوە.
مانگی نیسانی رابردووش، دەستدرێژی بۆ سەر کچێکی ئەفغانی و پاشان کوشتنی لەلایەن کوڕێکی ئێرانییەوە لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە، ناڕەزایەتی بەرفراوانی ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێرانی لێکەوەتەوە.