رووسیا: داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ئینتەرنێت بۆ تێکدانی رای گشتی بەکاردەهێنن

 رووسیا: داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ئینتەرنێت بۆ تێکدانی رای گشتی بەکاردەهێنن
کۆنفرانسی ساڵانەی رۆژنامەنووسانی وڵاتانی ئیسلامی لە مۆسکۆ سازکرا، ئەمساڵ دروشمی کۆنفرانسەکە رۆڵی رۆژنامەنووسانی وڵاتانی ئیسلامی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی بوو. تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یەکەمین جار وەکو یەکەم میدیای کوردی و عێراقی بەشداری لەو کۆنفرانسە کرد.

کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەی ستراتیژی بینینی رووسیا و جیهانی ئیسلامی سازکرا، لەچەندین روانگەی جیاوازەوە گفتوگۆ لە سەر رۆڵی رۆژنامەنووسان لە رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی و گرووپە توندئاژۆکان لە وڵاتانی ئیسلامی کرا.

بنیامین ڤیکتۆرۆڤیچ، یەکێک لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە، دەڵێت :" لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان قسەدەکەین، دەبێت ئەو سایتانە دابخرێن کە ئایدۆلۆژیای تووندرەوی بڵاودەکەنەوە، کە ژمارەیان پێنج هەزار سایتە، جگە لەوە چەندین کەناڵی راگەیاندنی ناسراوی جیهانی هەن کە راستەوخۆ بیروبۆچوونی گروپە توندئاژۆکان و قسەکانیان دەگوازنەوە و خزمەت بەوان دەکەن، نابێت ئەمە بمێنێت".

رووسیا بەچەندین بەرپرسی باڵاوە بەشداری ئەو کۆنفرانسەی کردبوو، بەو پێیەی زیاتر لە 20 ملیۆن مسوڵمان لە رووسیا دەژین، رووسەکان پێیان وابوو میدیا و رۆژنامەنووسان رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپەتووندئاژۆکان و ئایدۆلۆژیا تووندەڕەوەکان.

یگۆر مۆرۆرزۆڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا بۆکاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت :"رۆژنامەنووسان پێویستە بزانن چۆن رووبەڕووی ئەو ئادیۆلۆژیا تووندڕەوانە دەبنەوە، دەتوانن گەنجان هۆشیار بکەنەوە لەوەی: چوون بۆ ناو ئەو گرووپانە چەندە مەترسیدارە و هەموو ژیانیان لەناودەبات، دەبێت رۆژنامەنووسان لەگەڵ پەرلەمان وحکومەت هەماهەنگ بن و کار لە سەر ئەو پرسە بکەن".

میخایل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەشداری کۆنفرانسی رۆژنامەنووسانی وڵاتانی ئیسلامی کرد و، پەیامی فەرمیی رووسیای سەبارەت بەو پرسە راگەیاند.

میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە کۆنفرانسەکەدا گوتی :"داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ئینتەرنێت بەکاردەهێنین بۆ تێکدانی رای گشتی و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان، بۆیە پێموایە رۆژنامووسانیش دەتوانن رۆڵ بگێڕین لە رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی ئەو گرووپانە و بنیاتی کومەڵگا وەک خۆی لێبکەنەوە لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا."

30 وڵاتی ئیسلامی بەشداریان لە کۆنفرانسەکەی ئەمساڵداکرد، دوای تەواوبوونیشی بڕیارە دەرەئەنجام و لێکتێگەیشتنەکانی ئەو کۆنفرانسە بگەینرێتە حکومەت و دەسەڵاتی وڵاتە ئیسلامییەکان بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی راگەیاندن کاری لەسەر بکەن.
Top