یۆنامی: قەیرانی سیاسی ئێستای عیراق و چەقبەستو و ئیفلیج بووە

یۆنامی: قەیرانی سیاسی ئێستای عیراق و چەقبەستو و ئیفلیج بووە
نێردراوی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق داوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد. ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە وابڕیارە سبەینێ پەرلەمانتاران مانگرتوو دانیشتنێك لەئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدەن.

یان كۆبیش نێردراوی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق لە راگەیەندراوێكدا كە رۆژی چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، قەیرانی سیاسی ئێستای عیراق و چەقبەستوویی لە كارەكانی چاكسازیدا دەبنە هۆی ئیفلیج كردنی دەوڵەت و دامەزراوەكانی و لاوازكردنی یەكریزی نیشتمانی.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو بارودۆخەی ئێستا تەنها خزمەت بە دوژمنانی عیراق دەكات لەسەروو هەمووشیانەوە چەتەكانی داعشی تیرۆرست كە لەماوەی رابردوودا دەستیانگرت بەسەر چەند ناوچەیەكی وڵاتداو بووە هۆكاری ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لە ماڵوحاڵی خۆیان.

كۆبیش ستایشی هەوڵی هەندێك لەسەركردە دەستووری – سیاسی و هێزە سیاسییەكانی عیراقی كردووە لەنێویشیاندا ئەندامانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كاتێك پەنایان بردۆتە بەر دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی لەجیاتی رووبەڕووبوونەوە بۆ كۆتایی هێنان بەكێشەكانی ئەنجومەنەكە.

ئەو راگەیەندراوەی یونامی لەكاتێكدا دێت كە وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە كاتژمێر 10ی بەیانی پەرلەمانتارانی مانگرتوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام بدەن.

عەدنان جەنابی ( بەتەمەنترین پەرلەمانتار و راسپێردراو بەسەرۆكایەتی كردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن پەرلەمانتارانی مانگرتوو) لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە رۆژی چوارشەممە ئەنجامیدا داوای لەسەرجەم پەرلەمانتاران كردبەبێ جیاوازی ئامادەی ئەو دانیشتنە ببن.

جەنابی وتیشی:" لەو دانیشتنەدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێتەوەو سەرجەم ئەندامان مافی خۆ پاڵاوتنیان دەبێت.

دوای بڕیارەكەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عیراقیش بەدواخستنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تا كاتێكی نادیار، رۆژی چوارشەممە پەرلەمانتارانی كوتلە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

پێشتریش پەرلەمانتارانی كوتلەی ئەحرار لەسەرداوای موقتەدا سەدر-ی رابەری رەوتی سەدر لەریزی پەرلەمانتارانی مانگرتوو كشانەوە. هاوكات سەدر لەراگەیەندراوێكدا كاری فراكسیۆنەكەی لەپەرلەمان هەڵپەسارد و داوای لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی وڵاتانی ئیسلامی كرد چارەسەری دۆخی ئێستای عیراق بكەن ئەگەر بەهەڵبژاردنی پێشوەختیش بووە.











خەندان
Top