سعوودیە ڤیزا بە حاجیانی ئێرانی نادات

 سعوودیە ڤیزا بە حاجیانی ئێرانی نادات
وەزیری كولتووری رۆشنبیریی ئێران ڕای گەیاند، سعوودیە ڤیزا بە زیارەتكارانی حەجی عەمرەی ئێرانی نادات و ئەمەش بە پێشێلکردنی رێکكەوتنەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەژمار دەکرێ.



دوێنی دووشەممە (18.4.2016)، عەلی جەنەتی، وەزیری رۆشنبییریی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "سعوودیە ھەڵسوكەوتی نەرێنی بەرانبەر گواستنەوەی زیارەتكارانی ئێران بۆ شارە پیرۆزەكان ھەیە".



جەنەتی گوتیشی: "پێویست بوو بەرپرسانی ئێرانی بۆ ڕێککەوتن لەسەر شوێنی مانەوەی زیارەتكارانی ئێران، سەردانی سعوودیە بكەن، بەڵام سعوودیە ڤیزای پێنەداون".



کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ماهان"ی ئێران بە گرنگترین فڕۆکەوانیی ئێران هەژمار دەکرێت کە ساڵانە زیارەتکارانی حەج لە نێوان ئێران و سعوودیە ئاڵۆگۆر دەکات، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر حکوومەتی سعوودیە ڕای گەیاند، بەهۆی "پێشێلکردنی یاسای ئەمنیی هەوایی" لەلایەن ئێرانەوە، رێگە نادەن هیچ فڕۆکەیەکی ئێران لە سعوودیە بنیشێتەوە.





سعوودیە ڕای گەیاندووە، کە دەبێ زیارەتکارانی ئێرانی لە وڵاتی سێیەم ڤیزا بۆ چوونە سعوودیە وەربگرن و بەرپرسانی ئێرانیش داوا دەكەن، لانیكەم سعوودیە رێگە بدات کە زیارەتکارانیان لە كونسووڵگەری سویسرا ڤیزا وەربگرن، بەڵام تا ئێستا سعوودیە رەزامەندیی خۆی بەو پێشنیارەی سعوودیە دەرنەبڕێوە.





باسنیوز
Top