دەمانەوێت هەرچی زووترە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بە تەواوەتی لابدرێن

دەمانەوێت هەرچی زووترە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بە تەواوەتی لابدرێن
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئه‌وان تەنها یەک داخوازیان لە ئەمریکا هەیە ئەوەیش ئەوەیە کە نەچێتە ناو مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و بانکە گەورە نێودەوڵەتییەکان.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: دەمانەوێت هەرچی زووترە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بە تەواوەتی لابدرێن و خەڵکی ئێران ئەنجامی هەڵگیرانی ئەو سزا ئابوورییانە ببینن کە چەند ساڵێکە بەسەرماندا سەپێنراون.

وتیشی: "دەمانەوێت رێککەوتننامەی ناوەکی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام بێت، بەڵام دەمانەوێت دڵنیایی بدرێتە جەماوەری ئێران و ئێرانییەکان لەسەر ئەنجامەکانی".

وەزیری دەرەوەی ئێران، راشیگەیاند: "هێشتا رێگریی گەورەی نێودەوڵەتی لەبەردەم ئێراندا ماون، بەتایبەت کە تائێستا ئێمە ناتوانین ئه‌و پارەیەی کە لە بانکەکانی دەرەوەیە وەریبگرینەوە".

به‌وته‌ی‌ زه‌ریفی‌، هێشتا بانکە نێودەوڵەتییە گەورەکان "گومانیان" لە مەترسی دووبارەبوونەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەیە. "ئێمە تەنها یەک داخوازیمان لە ئەمریکا هەیە ئەوەیش ئەوەیە کە نەچێتە ناو مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و بانکە گەورە نێودەوڵەتییەکان".

وەزیری دەرەوەی ئێران جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەمریکییەکان پێویستە لە پشت رێککەوتننامەکەوە بوەستن و دەبێت بۆ ئەمریکا روون بێت کە مامەڵە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و وڵاتانی تر زۆر خاوێن و دڵپاکانە دەبێت.

لە پاش کودەتاکەی ئیمام خومەینی بەسەر محەمە درەزا شای ئێراندا لە ساڵی 1979 تا ساڵی رابردوو پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئاڵۆزترین بارودۆخدا بوون.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریکا بە هاوکاری وڵاتانی تری ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 30 ساڵ سزای ئابوورییان بە سەر ئێراندا سەپاند، تا ئەوەی ساڵی رابردوو رێککەوتنێک لەنێوان سەرانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران ئەنجامدرا و بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵگیران.

بەهۆی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو دوو وڵاتە جۆرێکی تر لە ناکۆکیی میدیایی و سیاسیی کەوتووەتە نێوانیانه‌وه‌.



خەندان
Top