چالاكییە سەربازییەكانی رووسیا ناتۆ و ئەمریكا نیگەران دەكات

چالاكییە سەربازییەكانی رووسیا ناتۆ و ئەمریكا نیگەران دەكات
ناتۆ و كۆشكی سپی بە نیگەرانییەوە دەڕواننە چالاكییە سەربازییەكانی رووسیا لە دەریایی بەلتیك، كۆشكی سپی رایگەیاند، رووسیا جاری یەكەمی نییە لەم ساڵدا پێشێلی رێساكانی دەریاوانیی نێودەوڵەتی بكات.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند: " كۆشكی سپی ئاگەدارە لە رووداوی دەریای بەلتیك، راپۆرتمان بۆ ھاتووە دوو فڕۆكەی رووسی زۆر بەترسناكی لە كەشتییەكی ئەمریكی و فڕۆكەیەكی پۆڵەندی نزیك كەوتوونەتەوە ، ئەمە پێچەوانەی یاساكانی دەریاوانی نێودەوڵەتییە، فڕۆكەكان ڕێوشوێنی سەلامەتییان نەگرتووەتەبەر و زۆر نزیك بوونە لە كەشتییەكە،ھەڵسوكەوتێكی بێزاركەرە و ھەستیاریا دروست كردووە".

یێنز شتۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت: " ئەو ھەڵسوكەوتەی رووسیا ناسەلامەت و كارامە نییە، بۆیە ماوەیەكی درێژە داوای مامەڵەی شیاو لە رووسیا دەكەم، ماوەیەكە چالاكییەكانی رووسیا لە سنوری ئێمە زیادی كردووە، دەبێت ئێمە خۆمان لە شەڕ و ڕووداوی نەخوازراو بەدوور بگرین، ئەگەر روشبدەن پێویستە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچن".

وڵاتانی بەلتیك كە پێكھاتوون لە ئیستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیا، لە 2004 دا پەیوەندییان بە ناتۆ كرد و چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا، بەردەوام داوا لە ناتۆ دەكەن وڵاتانی سەر دەریاكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی رووسیا بپارێزێت، بۆیە ناتۆ نزیكەی 800 ھەزار سەربازی بۆ بەرگریكردن لە رۆژھەڵاتی ئەوروپا جێگیر كردووە.









K24
Top