هاوکاریی مرۆیی گەیشتە مەدایا

 هاوکاریی مرۆیی گەیشتە مەدایا

چل و حەوت بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی گەیشتنە شارۆچکەی مەدایا لە سووریا و خەڵکی خۆجێیی سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن. پەرلەمانتارێكی سووریش داواكارە چەکدار و گرووپەکان دەست بەسەر هاوكارییەكاندا نەگرن.

شەریف شەحادە، ئەندامی پەرلەمانی سووریا لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی شارۆچکەی مەدایا، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە گەشتی هەواڵەکانی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند " رۆژی دووشەممە 11-1-2016، هاوکاریی مرۆیی خۆراک و پێداویستی دیکە گەیێندراونەتە شارۆچکەی مەدایای نزیک دیمەشق، گەیاندنی ئەو هاوکارییە مرۆییانەش لەلایەن رێکخراوی مانگی سووری سووریا و بەشێکیشی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە رەوانەکراوە".

ئەندامەکەی پەرلەمانی سووریا هەروەها گوتی" لەلایەکی دیکەوە، چەند کامیۆنێکی دیکە کە هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتبوو، بەهەمانشێوە لەلایەن رێکخراوی مانگی سووری سووریا گەیشتنە ناوچەکانی کەفەریا و فوعا". شەحادە داواكاربوو رەوانەکردنی ئەو هاوکارییە مرۆییانە لەلایەن چەکدار و گرووپەکانەوە زەوت نەکرێن و خەڵکی سڤیل بتوانن سوودی لێوەربگرن، هیواخوازیش بوو خەڵک وەک قەڵغان بەکارنەهێنن و کەلوپەلەکانی خۆراکیان پێنەفرۆشنەوە، کە ترسمان هەیە پێیان بفرۆشنەوە.

شەریف شەحادە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاوکارییە مرۆییانە لەڕێگەی دروستکردنی کۆمسیۆنێکەوە کە لەلایەن ژمارەیەک دانیشتووی ناوچەکە و خەڵکی دیکە پێکهێندراوە، بەسەر خەڵکی دابەشدەکرێن، کە پێی دەگوترێت کۆمسیۆنی خۆجێی, داواکاریش بوو بەشێوەیەکی یەکسان هاوکارییەکان دابەشبکرێن.

لەبارەی پلانی ئەمنی حکومەتی سووریا و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی وەک مەدایا، کەفەریا و فوعا، شەحادە گوتی "حکومەتی سووریا بەهیچ شێوەیەک نیازی نییە ئەو شوێنانە گەمارۆ بدات و نەهێڵێت هاوکاری مرۆییان پێبگات، حکومەت هەوڵدەدات رێگەیەک بکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل لەدەست گرووپەکان رزگار بکات و بۆ شوێنێکی ئارام بیانگوازێتەوە، بەڵام گرووپە چەکدارییەکان خەڵک لە مەدایا گەمارۆدەدەن و ناهێڵن دەربازیان بێت".

زیاتر لە شەش مانگە شارۆچکەی مەدایا كە دەكەوێتە رۆژئاوای سووریا، لەلایەن حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراوە، بەهۆی ئەوەی چەند گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا خۆیان تێدا حەشارداوە، لەو ماوەیەدا برسێتی و قاتوقوڕی رووی لە خەڵكی ناوچەكە كرد و خەڵك لە برسان گەڵای دار و گژوگیایان دەخوارد، ئەمەش مەترسی كۆمەڵكوژیەكی گەورەی دروستكردبوو.














رووداو


Top