پێنج سەرباز لە هەڵمەتی دەستگیركردنی پاشای ماددە هۆشبەرەكان کوژراون

پێنج سەرباز لە هەڵمەتی دەستگیركردنی پاشای ماددە هۆشبەرەكان کوژراون
خواکین گوزمان، گەورە مافیای مەکسیکی ناسراو بە ئێل کاپۆ، جارێکی دیکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی مەکسیکەوە دەستگیرکرا و، بە هەلیکۆپتەرێکی سەربازی گوێزرایەوە شاری مەکسیکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە.

ئێل کاپۆ، 6 مانگ پێشتر لە یەکێک لە گەورەترین بەندیخانەکانی مەکسیک کە زۆرترین چاودێری ئاسایشی لەسەربوو، هەڵات. ئێوارەی رۆژی هەینی لە ناوچەی لۆس مۆخیس دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سەربازانی مارینزی مەکسیک دەستگیرکرا، بەمەش ئێل کاپۆ بۆ جارێکی دیکە کەوتەوە بەردەستی دەزگا ئەمنییەکانی مەکسیک.

گەورە مافیاکەی مەکسیک دووجار و لە ساڵانی: 2001 و 2015 لە زیندان هەڵاتوە. ئەمجارە لە کاتی دەستگیرکردنی ئێل کاپۆ پێنج سەربازی مارێنزی مەکسیکی کوژران و یەکێکی دیکەش بریداربوو، بەڵام ئێل کاپۆ بەبێ ئەوەی برینداربێت دوای پێکدادانی لەگەڵ ئەو هێزە مەکسیکییەدا، دەستگیرکرا.

سەرچاوە مەکسیکییەکان دەڵێن پێش روودانی پێکدادانەکە، ماوەی چەند رۆژێک ئێل کاپۆ لەو ناوچەیە گەمارۆدرابوو و، سەرۆکی مەکسیکیش دەڵێ: " ئەم رووداوەی ئەمڕۆ بۆ دەستگیرکردنی کەسێکی وەها، زۆر گرنگە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی مەکسیک و حکومەت، ئەمڕۆ دەزگاکانی ئێمە جارێکی دیکە نیشانیان داین کە خەڵکی ئەم وڵاتە دەتوانن متمانەیان پێبکەن".

ئەو رووداوە بۆ مەکسیک یەکێکە لە رووداوە گرنگەکانی ئەو وڵاتە، چونکە ئێل کاپۆ نەک تەنیا لە مەکسیک، بەڵکو یەکێکە لە داواکراوەکان لە جیهاندا و بە گەورەترین مافیای بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دادەنرێت.












رووداو
Top