جێگری دووەمی ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا

 جێگری دووەمی ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا
جێگری دووەمی ”ئەبوبەکر بەغدادی“، سەرۆکی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، لە سنووری پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق کوژرا.



بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە هەندێک سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکراونەتەوە، ”عاسی عەلی محەمەد ئەلعوبەیدی“، جێگری دووەمی ئەبوبەکر بەغدادی، لە پارێزگای ئەنبار و لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کوژراوە.



لەمبارەیەوە ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی تورکی لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە زانیارییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیماناندا، عاسی ئەلعوبەیدی کوژراوە.



هاوکات باس لەوە دەکرێت کە جگە لەو سەرکردەیەی داعش، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەریەک لە ”ئەبوعەلا عەفەری“، یەکێک لە دامەزرێنەرانی داعش لە عێراق و ”ئەبو حەسەن سەحابی“، سەرۆکی کۆمیتەی زانیاریی داعش لە عێراق، کوژراون.



ئەلعوبەیدی یەکێک بووە لەو زیندانییانەی کە لە بەندیخانەی ”ئەبوغرێب“ی باشووری ڕۆژئاوای عێراق ڕایکردووە و دواتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی توندڕەوی داعشەوە کردووە.






باسنیوز
Top