سوپای ئیسرائیل جلوبەرگی دژە چەقۆ دروستدەکات
جلوبەرگەکە پێکهاتووە لە ئیلەگێک بۆ بەشی سەرەوەی سەربازەکان و بڕیارە ئەم هەفتەیە ژمارەیەک بەسەر ئەو سەربازانەدا دابەشبکرێت کە لەخاڵەکانی پشکنین دەوامدەکەن، لەو ناوچانەی زۆرترین بەریەککەوتنی تێدایە لەگەڵ فەلەستینییەکان.
بە گوتەی رۆژنامەی ماحانیە، کە سوپای ئیسرائیل دەریدەکات بەشی دەرەوەی ئەو جلوبەرگە لە ماددەی پلاستیک دروستکراوە و ناوچەی نێوان گەروو و تا دەگاتە خوار کۆئەندامی هەناسە دەپارێزێت، دیوی ناوەوەیشی پێکدێت لە قوماشێکی نەرم.
داهێنەری بیرۆکەکە کۆمپانیای ئیف ئێم ئێسە، کە بەردەوام کەرەستەو پێداویستیی پۆشاکی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دروستدەکات. بڕیارە پەرە بەو جلوبەرگە بدات، وەک دروستکردنی بلوز و تیشێرت و چاکەتیش بۆ خەڵکی ئاسایی. بەڵام تا ئێستا نرخی ئەو جلوبەرگە نەزانراوە.
فەلەستینییەکان شۆڕشی چەقۆیان لە دژی ئیسرائیلییەکان بەرپاکردووە و تا ئێستا بە دەیان ئیسرائیلی بە چەقۆی هێرشبەرە فەلەستینییەکان کوژراون، سەرجەم هێرشبەرەکانیش کوژراون.
رووداو-