مۆسکۆ: هەموو یۆرانیۆمە کەم پیتێندراوەکەی ئێران گەیشتە رووسیا

مۆسکۆ: هەموو یۆرانیۆمە کەم پیتێندراوەکەی ئێران گەیشتە رووسیا
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هەموو یۆرانیۆمە کەم پیتێندراوەکانی ئێران رەوانەی رووسیا کراون و، بەمەش رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک قۆناخێکی گرنگی بڕیوە.

بۆ یەکەم جار وەزارەتی دەرەوەی نەرویج، رایگەیاند: دەزگای ئەتۆمیی وڵاتەکەی توانیویەتی پرۆسەی گواستنەوەی بڕی 60 تۆن لە یۆرانیۆمی خاوی سرووشتی لە وڵاتی کازاخستانەوە بەرەو ئێران بەڕێبکات. چاوەڕێش دەکرێت بەپێی رێکەوتنەکە، سزا ئابوورییەکانی رۆژئاوا لەسەر ئێران لاببرێن.


لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لە 15ی مانگی تەممووزی رابردوو، ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد، کورتەی رێککەوتنەکە بریتی بوو لە دەرکردنی لە 98%ی یۆرانیۆمە کەم پیتێندراوەکەی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات و، هێشتنەوەی بڕی تەنها 300 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی کەم پیتێندراو. هەروەها تاران گرەنتی بدات کە بۆ ماوەی 15ساڵ ئەو یۆرانیۆمەی کە لە ئێران دەمێنێتەوە، رێژەی پیتاندنەکەی لە 3.67% تێنەپەڕێت.

لەبەرامبەردا، یۆرانیۆمی سرووشتی و خاو رادەستی ئێران دەکرێت و، سزا ئابوورییەکانی رۆژئاوا لەسەر ئەو وڵاتە بە چەند قۆناخێک لادەبرێن. ئەمەش هەواڵێکی خۆش و، سەرکەوتنێکی گرنگ بوو، لەلایەک بۆ حکومەتی رۆحانی و لەلایەک بۆ ئیدارەکەی ئۆباما.










رووداو
Top