حکومەتی ئێران لەماوەی هەفتەیەکدا ٢٤ کەسی لە سێدارە داوە

حکومەتی ئێران لەماوەی هەفتەیەکدا ٢٤ کەسی لە سێدارە داوە
لەماوەی یەک هەفتەدا حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ٢٤ کەسی لە سێدارە داوە و لەو ژمارەیە ١٦ کەسیان سەربە پارێزگای قەزوین بوون.

سایتی ڕادیۆ زەمانە بڵاویکردووەتەوە تەنها لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا هەشت کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر و ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش هەشی کەسی دیکە بەهەمان تۆمەت لە سێدارە دراون.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا پڕۆژە یاسایەک بە واژۆی ٧٠ پەرلەمانتاری ئێران پیشکەش کرا کە باس لە شۆردنەوەی حوکمی لە سێدارەدان دەکات لەسەر تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر.

ئەو پڕژە یاسایە لە ئێراندا بەشێک لە بەرپرسان و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی قبوڵیان کردووە و بەشێکیشیان نارازین لەو پڕۆژە یاسایە.

ئاژانسی مهری کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری دادوەر عسمەتوڵا جابری کە تا ئێستا ٣٥٠ حوکمی لە سێدارەدانی دەرکردووە و بەرپرسێکی داواکاری گشتی ئێرانە و هاوکات بە پیاوی لە سێدارەدانەکان دەناسرێت وتویەتی "ئەو پڕۆژەیە بۆ ئێران زۆر پێویستە و پێشوازی لێدەکەین چونکە قاچاخچیانی مادە ژهۆشبەرەکان بە ئاسانی کاری خۆیان دەکەن و هاووڵاتیە هەژارەکانی ئەم وڵاتە دەبنە قوربانی حوکمی لە سێدارە دان."

پێشتر چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ڕەخنەی توندی لە ئێران گرتبوو بەهۆى زیادبوونى سزاکانى لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا.

ئەحمەد شەهید چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ژمارەى ساڵی ڕابردووی سزاکانى کوشتن لە ئێران هەمووانى نیگەران کرد چونکە گەیشتە ٧٥٣ جار، کەچى ئەمساڵ ئێران ئەو ژمارەیەى زیادکردووە و گەیشتوەتە هەزار حاڵەتى لەسێدارەدان.














سەرچاوەكان
Top