لە ئیسرائیل وەڵامی هەڕەشەكانی ئەبوبەكر بەغدادی دەدرێتەوە

 لە ئیسرائیل وەڵامی هەڕەشەكانی ئەبوبەكر بەغدادی دەدرێتەوە

رۆژنامەییەکی ئیسرائیلی لە بابەتێکی شیکاریدا وەڵامی هەڕەشەكانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش دەداتەوە و بە كەسێكی ترسنۆك و شكستخواردوو وەسفی دەكات.

ئۆرشەلیم پۆست، کە پڕخوێنەرترین رۆژنامەی ئیسرائیلییە، بابەتێکی لە ژمارەی رۆژی دووشەممە 28-12-2015 دا بڵاوکردووەتەوە. رۆژنامەكە هەڕەشەکانی بەغدادی کە تێیدا هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل و جووەكان، بە نیشانەی ئەو فشارە زۆرەی دادەنێت کە گرووپەكە لەژێریدا دەیناڵێنێت.

ئەبوبەكرد بەغدادی رۆژی شەممە 26-12-2015 تۆمارێكی دەنگی بڵاوكردەوە. لە تۆمارە دەنگییەکەدا خەلیفەی داعش باسی ئیسرائیل دەكات و دەڵێت "ئیسرائیل وادەزانێت ئێمە فەڵەستینمان بیرچووەتەوە و هۆشی ئێمەی لای فەڵەستینییەکان نەهێشتووە، بەپێچەوانەوە ساتێکیش فەڵەستینمان بیرنەچووە".

هەروەها بەغدادی هێرشێكی تووند دەكاتە سەر جووەكانی ئیسرائیل و دەڵێ‌ "فەڵەستین دەبێتە گۆڕی بەكۆمەڵ، خوا بۆ ئەوە جووەكانی لەوێ‌ كۆكردوونەتەوە، تاوەكو بەدەستی موسڵمانان بكوژرێن".

رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە راگەیێندراوەکەی ئۆباما، ئاماژەی بە پاشەکشێکانی داعش لە سووریاو عێراق كردووە و نووسیویەتی، داعش %40 ی ئەو ناوچانەی لەژێر دەست دەرهاتوون كە كۆنترۆڵی كردبوون.

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست هەر لە بابەتەكەدا باسی هێرشەكانی رووسیای لە سووریا كردووە و نووسیویەتی "دەستتێوەردانی رووسیا لە شەڕی دژی تیرۆر داعشی لاوازتر کردووە، بەڵام لە زۆربەی هێرشەکاندا، رووسیا هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای کردووەتە ئامانج، بۆنموونە جەیشی ئیسلام، ئەمەش لە کوژرانی زەهران عەلووش، سەرکردەی ئەو هێزە ئیسلامییە بە مووشەکی رووسیا بەزەقی رەنگی داوەتەوە".

ئۆرشەلیم پۆست ئاماژەی بەو کۆمێنت و گاڵتەجارییانە كردووە كە لەلایەن ئوومەی عەرەبی ئاراستەی داعش دەکرێن، لە بابەتەكەدا هاتووە "عەرەبەکان بەردەوام گاڵتە بە داعش دەکەن و دەڵێن، داعش لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شەڕی موسڵمانان دەکات کەچی فەڵەستینی بیرچووەتەوە".

رۆژنامەكە جەختیكردووەتەوە"لەم تۆمارە دەنگییەدا دەردەکەوێت، ئەگەرچی داعش بەردەوامە لە خوێنڕشتن و کۆمەڵکوژییەکانی، بەڵام رەخنەی وڵاتانی عەرەبی کاری تێکردووە".

ئێستا داعش لە بیابانەکانی سینا و لە بەرزاییەکانی جۆڵان دەسەڵاتی هەیەو لەهەردوو لاشەوە دەتوانێت ئیسرائیل بخاتە ژێر هێرشی مووشەکی. هاوکات دەتوانێت ناوچەکە بۆمبڕێژ بکات و سنووری ئیسرائیلیش ببەزێنێت.

لە وەڵامی ئەو دەسەڵاتەی داعش، رۆژنامە ئیسرائیلییەکە نووسیویەتی "هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئامادەن گورزی کوشندەتر لە هێرشە ئاسیمانییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بە داعش بگەیێنن". هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ئەگەری هێرشی داعش بۆسەر ئیسرائیل زۆر لاوازە.

ئۆرشەلیم پۆست کە لە ئینگلیزیدا بە The Jerusalem Post ناسراوە، رۆژنامەیەکی ئیسرائیلییەو بەهەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی هەواڵ و شیکاری سیاسی بڵاودەکاتەوە, رۆژنامەکە لەساڵی 1932 دامەزراوە و بە پڕخوێنەرترین رۆژنامەی ئیسرائیلی دادەندرێت.















رووداو

Top