عێراق دووەمین وڵاتی کڕیاری چەکی ئەمریکییە

 عێراق دووەمین وڵاتی کڕیاری چەکی ئەمریکییە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پارێزگاری لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی فرۆشیاری چەک دەکات و فرۆشی چەکی ئەمریکی بەبەهای نزیکەی 10 ملیار دۆلار زیادییکردووە. عێراقیش لە پلەی دووەمی کڕیارانی چەکی ئەمریکا دێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمانگەی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمریكا، ئەو وڵاتە پارێزگاریکردووە لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی هەناردەکردنی چەک، بە جۆرێک لە ساڵی 2014دا بە بەراورد بە ساڵی 2013، بەبەهای نۆ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیاتر چەکی فرۆشتووە، بەوپێەش بێت ئەمریکا لە ساڵی 2014دا بەبەهای 36 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، رووسیا لە پلەی دووەم دێت و لە ساڵی 2014 دا بەبەهای 10 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتووە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گرژییەکانی نێوان هەردوو کۆریا(باکوور و باشوور)، وایکردووە، کۆریا باشوور-ی هاوپەیمانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمی لیستی کڕیارانی چەکی ئەمریکیەوە بێت، کە بەبەهای حەوت ملیار و 800 ملیۆن دۆلار چەکی کڕیوە. دوای ئەویش عێراق لە پلەی دووەم دێت، کە بەبەهای حەوت ملیار و 300 ملیۆن دۆلار چەکی کڕیوە. هەروەها بەرازیل بەبەهای شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار چەکی ئەمریکی لە پلەی سێیەم دێت.

لەدوای هەریەک لە ئەمریکا و رووسیا وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سوێد بە پلەی سێیەم بە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، فەرەنسا بە پلەی چوارەم بەبەهای٤ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار چەكیان فرۆشتووە.

دوای سوێد و فەرەنسا، چین ریزبەندی پێنجەمی فرۆشیارانی چەکی لە جیهاندا گرتووە، کە بەبەهای دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتووە.

بەم دواییانەش ئەمریکا بە ملیارەها دۆلار، گرێبەستی چەک فرۆشتنی لەگەڵ هەریەک لە قەتەر، سعودیە و کوریا باشوور ئیمزاکردووە، بەوەش واشنتن کۆنترۆڵی 50%ی کۆی گشتی فرۆشتنی چەکی لە جیهاندا کردووە.

توێژینەوەیەکی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئاشتی لە ستوکهۆڵم (SIPRI)، رایگەیاندووە، کە رووسیا چەکی بە 56 وڵاتی جیهانیی فرۆشتووە، لەوانە هیند، چین و جەزائیر، کە 60%ی کڕیارانی چەکی رووسی پێکدەهێنن.


















رووداو

Top