110 کەس لە سربیا بەتۆمەتى گەندەڵى دەستگیرکران
ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە دژى گەندەڵى ئەنجام دراوە لە سربیا بە یەکێک لە گەورەترین لێکۆڵینەوەکان دادەنرێت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان سلۆبۆدان میلۆساڤلیڤیکە کە یەکێکە لە وەزیرانى پێشوو لە حکومەتى ئەو وڵاتەدا.
هەروەها دوو بەرپرسى پێشووى وەزارەتى ناوخۆ و ژمارەیەک سەرۆکى شارەوانى و سەرۆک شارەوانییەکانى پێشوو و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاکان لەناو دەستگیرکراواندا هەن.
نێبۆیسا ستێفانۆڤیک وەزیرى ناوخۆى سربیا ڕایگەیاند "ئەوانەى دەستگیرکراون تۆمەتبارن بە خراپ بەکارهێنانى پۆستەکانیان و گەندەڵى دارایى."
ئەو هەنگاوەى حکومەتى سربیا لەکاتێکدایە کە سربیا لە دانوستاندایە بۆ بوونى بە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا، کە یەکێک لە مەرجەکانى یەکێتى ئەوروپا ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵییە.
بەپێى ئەو کەیسەى بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە لە ساڵى ٢٠٠٤دا ئەو بەرپرسانە نزیکەى ٧٠ ملیۆن دۆلاریان بە خراپ بەکارهێناوە و گەندەڵییان ئەنجامداوە.