شەش پاسدارى ترى ئێرانى لە سوریا کوژران

شەش پاسدارى ترى ئێرانى لە سوریا کوژران
لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا شەش پاسدارى ترى ئێران لە سوریا کوژراون.

سەرچاوەکانى هەواڵ لە ئێران ئەمڕۆ ٢٦ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ بڵاویانکردەوە، ڕۆژى ٢٤ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ عەقیدێکى سوپاى پاسداران بە ناوى محەمەد رەزا عەلیخانى لە دواى چەند ڕۆژى مانەوەى لە نەخۆشخانەى بەقیەتوڵاى شارى تاران بەهۆى قورسیى برینەکانیەوە مردووە.

بەپێى ئاژانسى هەواڵى دۆیچەڤێلەى ئەڵمانى ئەو پاسدارە خەڵکى پارێزگاى خوزستانى ئێرانە لە چەند ڕۆژ پێش مردنەکەیدا لەشارى حەڵەب بەهۆى هێرشێکى مووشەکییەوە بریندار بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پاسدارێکى دیکەى ئێرانى بە ناوى فەرمەرز ڕەزا زادە لەگەڵ عەقید محەمەد ڕەزادا بووە و فەرامەرزیش دەستبەجێ لەو هێرشە مووشەکەیدا کوژاروە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، موحسین فەرامەرزى پاسەوانى پێشنوێژخوێنى هەینى تارانیش لە بەهۆى پێکدادانێکەوە لە حەڵەب کوژراوە.

هەروەها کەسێکى دیکە بە ناوى داود جەوانمەرد لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە حەڵەب کوژراوە. داود جەوانمەرد لەلایەن ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى ئێرانەوە نێرداربوو بۆ سوریا و ئەوەش بە یەکەم کەس دەزانرێت کە لەلایەن ڕادیۆ وتەفزیۆنى ئێرانەوە نێردرابێت بۆ سوریا و کوژرابێت.

هاوکات ماڵپەڕى تەسنیم لە ئێران بڵاویکردووەتەوە، کەسێکى دیکە بە ناوى حەمید ڕەزا ئەسەدوڵاهى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە سوریا کوژراوە.

بەپێى ئەو ماڵپەڕ ئێرانییە، کە بە ماڵپەڕێکى نزیک لە سوپاى پاسداران دادەنرێت، حەمید ڕەزا ئەسەدوڵاهیى بە "چالاکوانێکى بوارى ڕۆشنبیرى" بووە، کە لە ئاستى نێودەوڵەتیدا چالاک بووە و لەگەڵ گروپە جیهادییەکانى ئێراندا لە پەیوەندیدا بووە.

ماڵپەڕى تەسنیم ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە، ئەسەدوڵاهى یەکێک لە دامەزڕێنەرانى "کۆنگرەى نێودەوڵەتیى دیدارى حوسێن" بووە و لە دواى ڕۆیشتنى بۆ سوریا کە گۆڕەپانى پێکدادانەکاندا کوژراوە. بڕیاریشە دایک و باوکى داود موغنییە، کە چەکدارێکى حزبوڵاى لوبنان بووە و کوژراوە، بەشدارى لە پرسەکەى حەمید ڕەزا ئەسەدوڵاهیدا بکەن.

لە لایەکى ترەوە میدیاکان باسى ئەوەیان کردووە، ئەمیر سیاوشى یەکێک لە هێزە تایبەتەکانى هێزى دەریایى سوپاى پاسداران لە ناوچەى چیدزى تارانەوە نێردراوە بۆ سوریا و ئەویش بەهۆى پێکدادانێکەوە لە حەڵەب کوژراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى موحەڕەمدا و لە ماوەى یەک مانگدا زیاتر لە ٤٥ فەرماندە و ڕاوێژکار و ئەندامى سوپاى پاسداران لە سوریا کوژراون، ئۆپراسیۆنى موحەڕەم لە سەرەتاى مانگى موحەڕەمى ئەمساڵەوە (١٦ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥) بە پشتیوانیى بۆردومانى ئاسمانیى فڕکە جەنگییەکانى ڕووسیا، سوپاى سوریا، چەند دەستەیەکى سوپاى پاسدارانى ئێرانى و حزبوڵاى لوبنان بۆ کۆنترۆڵکردنى شارى حەڵەب لە سوریا دەستیپێکردووە.

بەپێى بەشێک لە سەر چاوە میدیاییەکان لە سێ مانگى ڕابردوودا ژمارەى کوژراوانى ئێران لە سوریا ڕوویان لە زیادبوون کردووە و بە زیاتر لە "دەیان" کوژراو ناویان دەبەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژى ٢٣ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ هەواڵى کوژرانى پاسەوانى تایبەت و پێشووى مەحمود ئەحمەدى نەژاد لە نزیک شارى حەڵەب لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە.

هەروەها ڕۆژى ٩ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ حسێن هەمەدانى یەکێک لە فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران لە نزیک شارى حەڵەبى سوریا کوژرا.

میدیاکانى ئێران ڕۆژى ٩ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥ هەواڵى کوژرانى سێ ڕاوێژکارى سوپاى پاسدارانیان لە سوریا بڵاوکردەوە.

ڕۆژى ١ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ میدیاکان بڵاویانکردبووە، حکومەتى ئێران سەدان پاسدارى بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى زەمنیى ڕەوانەى سوریا کردووە.

لەلایەکى دیکەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵاهییان جێگرى وەزارەتى دەرەوەى ئێران بۆ کاروبارى عەرەبى و ئەفریقا ڕۆژى ٢ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ بە کەناڵى چوارى تەلەفزیۆنى بەریتانیاى ڕاگەیاندبوو "ئێمە لەسەر داواى دیمەشق ژمارەى ڕاوێژکارە سەربازییەکانمان بۆ جەنگ لە دژى تیرۆر زیاد کردووە".

بە گوێرەى ئاژانسى ئیبناى ئێرانى، محەمەد عەلى جەعفەرى فەرماندەى گشتیى سوپاى پاسدارانى ئێران لە ڕۆژى ١٦ى ئەیلولى ٢٠١٢دا ڕایگەیاندبوو "یەکێک لە شانازییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئەوەیە، کە ئەزموونەکانمان و هاوکارییە فیکرییەکانمان بۆ سوریا دەگوێزینەوە".

هاوکات ماڵپەڕى عەرەبیە بڵاویکردووەتەوە، فەرماندەکانى سوپاى پاسداران لە سەرەتاى جەنگى سوریا و لە ساڵى ٢٠١١ەوە شانبەشانى هێزەکانى بەشار ئەسەد، لە دژى گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانى حکومەتى سوریا دەجەنگن.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەلانیکەمەوە تاوەکو مانگى ئەیلولى ڕابردوو ٢٠٠ ئەندامى سوپاى پاسدارانى ئێران لە سوریادا کوژراون.




سەرچاوەكان
Top