ئۆپۆزیسیۆنی سوریا: رووسیا خزمەتی بەرژەوەندیی داعش دەکات

 ئۆپۆزیسیۆنی سوریا: رووسیا خزمەتی بەرژەوەندیی داعش دەکات
ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا رایدەگەیەنێت، کە رووسیا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکات.



ئیئتیلافی نیشتیمانی لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی کوژرانی زەهران عەلوش، سەرۆکی رێکخراوی سوپای ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆن، کە رۆژی هەینی 25ـی کانوونی یەکەمی 2015 بە مووشەکی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا کوژرا، رایدەگەیەنێت، کە ئەوەی رووسیا دەکات، لەباربردنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسیی بۆ شەڕی ناوخۆیی سوریا.



بەپێی بەیاننامەکەی ئیئتیلافی نیشتیمانی، فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان بە لێدانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆن و سەرکردەکانیان، خزمەتی رێکخراوە توندڕەوەکان بە تایبەتیی داعش دەکات، بە بێهێزکردنی دژەکانی داعش.



دوای کوژرانی زەهران عەلوش، سوپای ئیسلام عیسام بوەیزانی وەک سەرکردەی رێکخراوەکە هەڵبژارد.



لە سورەتای مانگی ئەیلوولی رابردووەوە، سوپای رووسیا رایگەیاندووە، کە فڕۆکە جەنگییەکانیان بارەگاکانی داعش بۆردوومان دەکەن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش رایدەگەیەنن، کە رووسیا بارەگاکانی نەیارانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سوریا بۆردوومان دەکات.








باسنیوز
Top