"هەدەپە هەڵەبوو لەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاکەپە دا نەبەست"

ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە (عادیل زۆرانی) لە دیمانەیەکیدا بۆ کەناڵی (هەبەر تورک) رەخنەی لە هەدەپە گرت بەوەی نەدەبوایە بەو شێوە تووندە بڵێت من لە گەڵ ئاکەپە دا ناچمە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە، چونکە چارەکردنی کێشەی کورد بەو شێوەیە نابێت.

لە حەفتەی رابرد هاوسەرۆکی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش) لە گوتەیەکیدا گوتی تائێستایش هەندێک هەن لەناو هەدەپە کە دڵیان بۆ ئەردۆگان لێدەدات و، ئەویان خۆش دەوێت، بەڵام ئێستا ئەو کەسانە ئەندام پەرلەمان نین.

دوای ئەم گوتەیە هەموو ئەو کەسانەی گوێیان لەو قسانەی دەمیرتاش بوو، بیریان بۆ لای زۆزانی چوو و، گوتیان مەبەستی لە زۆزانی بوە. چونکە پێشتریش زۆزانی پشتگیری خۆی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی راگەیاندبوو و، ئەمەیش هەدەپەی توڕە کردبوو.

زۆزانی لەسەر ئەو گوتەیەی دەمیرتاش بۆ کەناڵی ناوبراو گوتی: "بەڕاستی ئەو قسانەی دەمیرتاش توڕەی کردم و ئازاری دام، ئەگەرچی ناوی نەهێناوە، بەڵام پێدەچێت مەبەستی لە من بێت".

زۆزانی ئاماژەی دا کە لە باکوور هەر رۆژە و هاونیشتیمانییەک دەکوژرێت و خانوو دەڕوخێت و قوتابخانە کاول دەکرێت، بۆیە ناکرێت ئەم کێشەیە بە کەسێکەوە ببەستیتەوە و، تەنیا کەسێک تاوانبار بکەیت، ئەمە بە راست نازانم.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، کە ئەو ئێستایش پشتگیری لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات بۆ تورکیا و، بە پێچەوانەی هەدەپە کە دژی سیستەمی سەرۆکایەتین.

ئەو دەڵێت: "هەدەپە نەدەبوایە بەو شێوە توندە بڵێت من لەگەڵ ئاکەپەدا ناچمە ناو حکوومەتەوە، دەبوایە بە باشتر بیری لێ بکردابوایەتەوە ئەوکات بڕیاری بدابوایە، چونکە چارەکردنی کێشەی کورد لە هەموو ئەو هەڵوێستانە گرنگترە. دەبێت هەدەپە بیر بکاتەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە چوونە ناو حکوومەتەوە چارە دەکرێت یان لە دەرەوەی حکوومەت".
Top