راوێژکارێکی خامنەیی: لە دژی ئەمریکا دەستمان بەسەر عێراقدا گرت

 راوێژکارێکی خامنەیی: لە دژی ئەمریکا دەستمان بەسەر عێراقدا گرت
راوێژکارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایدەگەیەنێت، کە لە دژی داگیرکاریی ئەمریکا بۆ عێراق و ”بە ئامانجی پاراستنی نەتەوەی ئێران“ دەستیان بەسەر عێراقدا گرتووە.



عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بەمەبەستی پێکەوە گرێدانی ”میحوەری بەرگری“ دەستتێوەردانی لە کاروباری عێراق و سوریادا کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندیی بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبنانی و حەماسی فەلەستینی و فراوانکردنی ئەوەی پێیدەڵێن ”هیلالی شیعی“.



هەروەک ئاژانسی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەمریکا پێیوابوو سوریا بێهێزترین زنجیرەی ”بەرگرییە“، بۆیە ویستی لەناوی ببات و ”ئێمەش دەستتێوەردانمان کرد“ و ئێران رێگا بەوەنادات سوریا وێران ببێت، چونکە ”سوریا زنجیرەی زێڕینی هێڵی بەرگرییە“.



ئەو راوێژکارەی خامنەیی وەڵامی رەخنەگرانی ناوخۆیی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، کە دەستتێوەردانی وڵاتەکەی لە کاروباری عێراق بە ”هۆکاری نەتەوەیی“ ـە، کە بۆ پاراستنی ”نەتەوەی ئێران“ و دروستنەکردنی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق لە نزیک سنوورەکانی ئێران، دەستیان بەسەر عێراقدا گرتووە.



عەلی ئەکبەر ویلایەتی پشتگیریکردنی وڵاتەکەی لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتیی سوریادا دووپاتکردووەتەوە ”لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێران“ و رایگەیاندووە، کە ئەگەر لە سوریا رووبەڕووی دوژمنەکانی ئێران نەبینەوە، ”ئەوا دەبێ لە سەر سنوور رووبەڕوویان ببینەوە“، وەک ئاماژەی بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە وڵاتەکەی و هەناردەکردنی بۆ سوریا و عێراق.









باسنيوز
Top