ئافرەتێک و دوو منداڵ لە کەناراوەکانی یۆنان خنکان

ئافرەتێک و دوو منداڵ لە کەناراوەکانی یۆنان خنکان
ئافرەتێک و دوو منداڵی کۆچبەر لە کەنارە ئاوییەکانی یۆنان ژێر ئاو دەکەون، لەوکاتەی بەلەمە چوپەکەیان خۆی بە بەردێک لە نزیک دوورگەی لیسبوسی یۆنانیدا دەکێشێت.

گوتەبێژی پاسەوانی دەریایی یۆنانی، رۆژی یەکەشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2015 رایگەیاند" ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی بەرکەوتنی بەلەمێکی چوپی، کە 63 کۆچبەری نایاسایی لەخۆی هەڵگرتبوو، بە بەردێکی نزیک لە دوورگەی لیسبوسی یۆنان، ئافرەتێک و دوو منداڵ ژێرئاو کەوتن و گیانیان لەدەستدا".

گوتەبێژی پاسەوانی دەریایی یۆنانی، ئاماژە بەوە دەدات:" لەو 63 کەسەی لەسەر بەلەمە چوپییەکە بوونە، جیا لەو سێ قوربانییە، 7 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، بەڵام ئەوانەی دیکە بە سەلامەتی گەیشتوونەجێ، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەکانیان دیار نییە".

رۆژانە بە سەدان کەس، لە رێگە ئاوییەکانەوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەدەن و بەهۆی مەترسی رێگاکانیش بە دەیان کەس دەبنە قوربانی.
Top