ئەسەد بەنیازی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆک کۆماری لە سوریایە

ئەسەد بەنیازی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆک کۆماری لە سوریایە
نوێنەرێکی پەرلەمانی روسیا رایگەیاندووە، "بەشار ئەسەد"ی سەرۆک کۆماری سوریا ئامادەی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆک کۆماری لەو وڵاتەیە.


بە وتەی "ئەلێکساندێر یوشێچێنکۆ" یەکێک لە نوێنەرانی دۆمای رۆسیا، سەرۆک کۆماری سوریا بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆک کۆماری خۆی ئامادە کردووە. ئەو نوێنەرەی دۆمای روسیا دوای سەردانیکردنی بۆ دیمەشق دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ "ئەسەد" ئەو هەواڵەی ئاشکرا کرد.

ئەو نوێنەرە راشیگەیاندووە، "ئەسەد" گوتویەتی، ئەگەر خەڵکی سوریا بە پێویستی بزانن خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کاندید دەکات.

لە لایەکی دیکە بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی سوریا، "ئەسەد" بە شاندی پەرلەمانی روسیا کە سەردانی سوریای کردبوو، گوتویەتی، لەناو بردنی گروپەکانی بە بڕوای ئەو "تیرۆریست" بەستێنێک فەراهەم دەکات بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەک کە سوریا و روسیا بەدوای دا دەگەڕێن.

روسیا رایگەیاندووە، "بەشار ئەسەد" پێویستە لە پرۆسەی قوناغی گواستنەوەی قەیرانی ئێستای سوریا بەشدار بێت، بەڵام نەیارانی ئەسەد و وڵاتانی رۆژئاوایی رایانگەیاندووە، ئەسەد نابێت لە داهاتووی سوریا رۆڵی هەبێت.
Top