سه‌رۆكی پارێزه‌رانی ئامه‌د ده‌ستبه‌جێ راپێچی دادگا كرا

سه‌رۆكی پارێزه‌رانی ئامه‌د ده‌ستبه‌جێ راپێچی دادگا كرا
دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد گوتی پەکەکە تیرۆریست نییە، ئەمڕۆ هێنرایە ئیستانبۆڵ و رووبه‌ڕووی دادگا كرایه‌وه‌.
لە بەرنامەی (تەرەفسز بۆلگە) کە لە کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی حەفتەی رابرد پەخش کرا، سەرۆکی پارێزەرانی ئامەد (تاهیر ئیلچە) باسی لە رووداوەکانی ناوچکە و تەقینەوەکەی ئانکارای کرد و گوتی کە پەکەکە تیرۆریست نییە.
ئەم گوتەیە لەسەر تاهیر گەورە کرا و، لە لایەن مەهەپەوە داوای یاسایی لەسەر تۆمار کرا بە بەهانەی ئەوەی پشتگیری لە تیرۆریستان كردووه‌ و، دژی دەستووریش وەستاوەتەوە چونکە لە دەستووردا پەکەکە تیرۆریستە و نابێ سەرۆکی پارێزەرانی دیاربەکر بە ئاشکرا بڵێت تیرۆرست نییە. ئەمڕۆیش لە بەرەبەیاندا تاهیریان هێنایە بەردەم دادگەی کەرەکۆی لە ئیستانبۆڵ و دوای وەرگرتنی گوته‌كه‌ی، دادوەر بڕیاریدا تا ئەوکاتەی بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی دەدەن ئازاد بکرێت.
جگە لە تاهیر، لە لایەن ژماره‌یه‌ك مێدیای نزیک لە دەستەڵاتەوە، تۆمەت درایە پاڵ (ئەحمەد هاکان)ـیش کە پێشکەشکاری بەرنامەکەبوو و گوتیان ئەویش پەکەکەی پێ تیرۆرست نییە و، پێویستە دادگایی بکرێت، بەڵام هاکان بەرگری لە خۆی کرد و بە توندترین شێوە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە و، تەنانەت بەڵگەیەکی 5 ساڵ لەمەوبەری لە رۆژنامەی (حوریەت) بڵاوکردەوە و، لەوێدا باسی لە نووسەرێکی نزیک لە ئەکەپە کردبوو کە لە وتارێکدا دەڵێت پەکەکە تیرۆرست نییە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، بە گوێرەی دەستووری تورکیا پێویستە هەموو مێدیاکار و پارتە سیاسییەکانی تورکیا پەکەکە وەکو تیرۆرست بناسێنن و ئەوەیشی بڵێت تیرۆرست نییە دەبێت دادگایی بکرێت.
Top