ئۆپۆزسیۆنی سووریا چەکی قورسی بەدەست خستووە

ئۆپۆزسیۆنی سووریا چەکی قورسی بەدەست خستووە
شەڕوپێکدادان لەنێوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا و سوپای حکومەتەکەی ئەسەد لەنزیکی پارێزگای حەلەب بەردەوامە و ئۆپۆزسیۆنیش ڕایگەیاند کە چەکی قورسیان بەدەست گەیشتووە.

دوێنێ دووشەممە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا ڕایانگەیاند، بەشێکی تر لە چەکی درووستکراوی ئەمەریکایان بەدەستگەیشتووە کە لەناو چەکەکاندا دژە تانک و موشەکی مام ناوەندی تێدایە.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە "لە ئێستادا چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا دابەشبوون بەسەر سێ گروپدا و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات بۆ هاوکاری سەربازی".

ئەوە لەکاتێکدایە کە ماوەی مانگێکە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەلایەن ڕووسیاوە بۆمباران دەکرێن.

ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، گەیشتنی موشەکی دژە تانک بە دەست چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چوارچێوەی هاوکاری وڵاتانی دژی ئەسەدە کە لە قەتەر و تورکیا و سعودییە پێکهاتوون.

هاوکات گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕایانگەیاندووە تەنها چەند دانەیەک لەو دژە تانکانە و ئەو چەکەی بۆ دژی فڕۆکەی جەنگی پێان دراوە بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانن دژی سوپای ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و هێرشی ئاسمانیی ڕووسیا ڕاوەستن.

هەفتەی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا لەڕێگای فڕۆکەیەکی سەربازی بارهەڵگرەوە چەک و هاوکاری سەربازی فڕێدایە خوارەوە بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لەو نێوەندەشدا هێزەکانی پاراستی گەل یەپەگە پشتڕاستیان کردەوە کە ئەوانیش چەکیان بەدەست گەیشتووە لە چوارچێوەی هاوکارییەکەدا.







سەرچاوەكان
Top